قوباد تاڵەبانی: گرنگینەدان بە گەشەپێدانی ئابووری قەزا و ناحییەکان، هەم نادادپەروەرییە و هەم پشتگوێخستن و سووتاندنی دەرفەتی زۆر گەورە و راستەقینەی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەمان

گرنگینەدان بە گەشەپێدانی ئابووری قەزا و ناحییەکان، هەم نادادپەروەرییە و هەم پشتگوێخستن و سووتاندنی دەرفەتی زۆر گەورە و راستەقینەی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەمانە، چونکە هەر ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەرفەتی زۆر گرنگی بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەیە.هەر لەم چوارچێوەیەشدا ماوەیەکە لەگەڵ تیمێکی شارەزا کار لەسەر پرۆژەی گەشەپێدانی ناوچەیی دەکەین و ئەمڕۆکەش لە دەڤەری راپەڕینەوە بە دامەزراندنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین دەستمان بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرد و لە داهاتوودا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.
ئەم دەزگایە کار بۆ گەشەپێدانی ئابووری دەڤەرەکە دەکات لەڕێگەی پاڵپشتی دەستپێشخەرییە نوێیەکان و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندکان و بەهێزکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پەرەپێدانی کارامەیی پیشەیی و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و دابینکردنی بازاڕ بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بازاڕەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات.لەمەودوا گەنجانی ئەو دەڤەرە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەڕەخسێت و، بەشداردەبن لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکەی خۆیان و وڵاتەکەیان.