مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند دادەنێت

یەکشەممە (١٢ی نیسانی ٢٠٢٦)، لە مەراسیمێکی شایستەدا کە لە گوندی بەردەشان بەڕێوەچوو، (٣٢) ساڵە یادی ماڵئاوایی سەرکردە و تێکۆشەری دێرینی یەکێتی و کوردایەتی، هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا کە هەڤاڵ حەیدەر سەعید ڕەشید، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، هەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەند، بەڕێزان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، قائمقامی قەزای ڕانیە، پەڕلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین و ژمارەیەک تێکۆشەر و بەڕێزان خانەوادەی سەربەرزی سەرکردەی کۆچکردوو ئامادەی بوون، وەک نیشانەی ڕێز و وەفاداری بۆ مێژووی پڕ سەروەریی ئەو سەرکردەیە، تاجەگوڵینەی مەڵبەند و ئیدارەی دەڤەرەکە لەسەر گڵکۆی پیرۆزی دانرا.
هەر لە مەراسیمەکەدا، هەڤاڵ قادر ڕەزگەیی جێگری لێپرسراوی مەڵبەند، بە ناوی مەڵبەند و ئامادەبووانەوە، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند نەک هەر بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، بەڵکوو بۆ تەواوی کوردستان ڕەمزی ئازایەتی و پەرۆشیی نیشتمانی بووە. هەروەک چۆن ڕۆڵی مێژوویی ئەو سەرکردە مەزنەی لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا بەرز نرخاند، بەتایبەت لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، سەرخستنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، مەڵبەند و ئامادەبووان دووپاتیانکردەوە درێژەپێدەری ڕێبازی ڕاستەقینە و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال و تێکۆشەرانی وەک هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەندە و بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی بێدرێغی کۆمەڵانی خەڵک لە دەڤەری ڕاپەڕین، کە هەمیشە لانکەی شۆڕش و دەروازەی سەرکەوتنەکان بووە.