دیالۆگی ڕۆشنگەری هاوچەرخ کۆڕێکی هزری لەسەر ویلایەتی فەقیە بەڕێوەدەبەن

ڕانیە – شەممە، ١٥ی ئابی ٢٠٢٦
لە درێژەی کار و چالاکییە ڕۆشنبیری و هزرییەکاندا و بە مەبەستی برەودان بە بیری کراوە و شیکاریی سیاسی، دیالۆگی ڕۆشنگەری هاوچەرخ بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، دیالۆگی ژمارە (٢٢٨)ی خۆی بۆ نووسەر و وەرگێڕی دیار، سەربەست جیهاد ڕێکخست.
کۆڕەکە لە ژێر ناونیشانی (ویلایەتی فەقیە، لە بەستێنی هێز و دەسەڵاتدا) بەڕێوەچوو. تێیدا هەڤاڵ هەمزە سەلیم، لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکان و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند، دەستەبژێرێکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیستان و کەسایەتییە دیارەکانی سنوورەکە، تیایدا ئامادە و بەشدار بوون.
لە میانی دیالۆگەکەدا، کۆڕگێڕ بە شێوەیەکی بابەتی و شیکارییانە تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مێژوویی و فەلسەفییەکانی ویلایەتی فەقیە. بە وردی باسی لە قۆناغەکانی گۆڕانکاریی ئەم چەمکە کرد لە تیۆرییەکی ئایینییەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی و حوکمڕانی. هەروەها هەڵوەستەی لەسەر چۆنیەتی بەرجەستەبوونی ئەم مۆدێلە لە کایەی دەسەڵات، میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی هێز و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد. لە بەشێکی تری باسەکەیشیدا، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ پەیوەندیی نێوان ئەم سیستەمە و پێکهاتەی کۆمەڵگەی مۆدێرن خستەڕوو.
لە کۆتایی چالاکییەکەشدا، دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە. بەشداربووان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پرسیار و خستنەڕووی تێبینی و سەرنجە ڕەخنەییەکانیانەوە، بابەتەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد و دیالۆگێکی کراوە و بنیادنەر لە نێوان کۆڕگێڕ و ئامادەبوواندا دروست بوو.