
بە بۆنەی یادی مەزنی لەدایکبوونی ڕابەری گەورەی مرۆڤایەتی، حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی جەماوەری سەربەرزی ڕاپەڕین، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم موسڵمانانی کوردستان دەکەین.
ئەم یادە مەزنە بۆ ئێمە جگە لە بۆنەیەکی نەریتیی و ئایینی، دەرفەتێکی فکری، ئەخلاقی و هاوچەرخە بۆ قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، لە سەروویانەوە چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لێبوردەیی، ڕاستگۆیی لە راپەڕاندنی ئەرکەکاندا و پاراستنی کەرامەت و ئازادییەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەکەماندا.
ئەم یادە پیرۆزە، با بزوێنەرێکی بەهێزبێت بۆ پتەترکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی دەڤەرەکەمان و تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکان بە ئیرادەیەکی یەکگرتووەوە.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین جەخت لەسەر دیدگایەکی نوێ بۆ خزمەتکردنی هاوچەرخانەی خەڵک، پاراستنی سەقامگیری و بەگەڕخستنی تواناکانی گەنجان و نوخبەی فکری و ڕۆشنبیری دەکاتەوە. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە هەمیشە وەک قەڵایەکی داكۆكيكار لە مافە ڕەواکانی جەماوەر و سەکۆیەکی گەشەپێدان دەمێنێتەوە و درێغی ناکەین لە هەنگاونان بەرەو ژیان و ئایندەیەکی شایستەتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری دەڤەری ڕاپەڕین.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
