
ڕانیە – چوارشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی گرنگیدان بە توانا و پێگەی خوێندکاران، هەڤاڵان قادر ڕەزگەیی و حەبیبە بابان، جێگرانی لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە بارەگای مەڵبەند پێشوازییەکی گەرمیان لە ئاران غەفوور، نوێنەری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کاروباری خوێندکاران و هەریەک لە کارا عومەر’ی یاریدەدەری و ژیار حوسێن لێپرسراوی بازنەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هەڤاڵان هەمزە سەلیم، لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکان و شەهرام محەمەد، لێپرسراوی بەشی گەنجان لە مەڵبەند ئامادەی بوون، هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراوی مەڵبەند، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی، تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و هەنووکەیی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ پێگەیاندنی سەرکردە و کادری هۆشیار لەناو کۆمەڵگەدا.
هاوکات، پشتیوانییە بەردەوامەکانی مەڵبەندیان بۆ بەرنامە و چالاکییەکانی کۆمەڵەکە لە دەڤەرەکەدا دووپات کردەوە، بەتایبەت ئەو هەنگاوانەی کە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی ڕەوشی خوێندن، داکۆکیکردنی سەرسەختانە لە مافی خوێندکاران و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ دەرخستنی توانا و داهێنانەکانیان.
لەلای خۆیشیانەوە، نوێنەری سەرۆکی یەکێتی بۆ کاروباری خوێندکاران و وەفدی یاوەری، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانی و هەماهەنگیی بەردەوامی مەڵبەند دەربڕی و جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری توێژی خوێندکاران لە سنوورەکەدا
