ئەرکی حزبی و داواکاریی جەماوەر

حەبیبە بابان

*جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین

کاتی ئەوە هاتووە ‌روانگەی خۆمان بۆ کاری حزبی ڕوونتر بکەینەوە و پێناسەی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەیییەکان لە چوارچێوەی دروشمەوە بگوازینەوە بۆ بەرهەمی کردەیی.
حزب لە بنەڕەتدا تەنها ئامرازێکی سیاسی یان پێکهاتەیەکی ئیداری نییە بۆ بەڕێوەبردن، بەڵکو پردێکی زیندوو و پەیوەندییەکی رەوشتیی کۆمەڵایەتییە کە ناوەندەکانی بڕیار بە کێشە، خواست و داواکارییەکانی جەماوەرەوە دەبەستێتەوە.

لە دەڤەرێکی وەک راپەڕین کە مێژووەکەی بە سەروەری، قوربانیدان و خەباتی سەربەرزانە نەخشاوە، کارکردن لە نێو جەماوەردا پێویستی بە دیدگایەکی نوێ، ئامادەییی بەردەوامی مەیدانی و گوێگرتنی راستەوخۆ لە ئازارەکانی خەڵک هەیە.

ئامادەییی کۆمەڵایەتی، کۆڵەکەی سەرەکیی بونیادنانی متمانەیە لە نێوان ئۆرگانە حزبییەکان و هاووڵاتییاندا. کاتێک بەرپرس یان کادرێکی حزبی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە، لە کاتە سەختەکاندا هاوبەشی خەمەکانیان دەبێت و لە بۆنە و خۆشییەکانیاندا بەشدارە، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و حزب لە پەیوەندییەکی بەڕێوەبردنی رووتەوە دەبێتە پەیوەندییەکی وەفاداری و هاوسۆزی.

هاوبەشیکردن لە پرسە و ماتەمی بنەماڵەکان لە شارۆچکە و لادێ و تەواوی گوندە دوورەدەستەکانی سنوورەکە، تەنها ئەرکێکی کۆمەڵایەتیی ئاسایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پابەندبوونی رەوشتیی ئێمە بەرامبەر ئەو جەماوەرەی هەمیشە پاڵپشتی سەرەکیی پرۆسەی سیاسی و خەباتی مەدەنی بوون.

لەلایەکی ترەوە، ئامادەییی مەیدانی بێ بەدواداچوون بۆ کەرتی خزمەتگوزاری و کارگێڕی، پرۆسەکە ناتەواو دەکات. هاووڵاتی کاتێک هەست بە بوونی حزبەکەی دەکات کە ببێتە پاڵپشت و ئاسانکار بۆ راپەڕاندنی مامەڵە رۆژانەیییەکانی لە دامەزراوە حکومییەکاندا.

بەسەرکردنەوەی بەردەوامی فەرمانگە ئیداری و خزمەتگوزارییەکان، لە شارەوانی و کشتوکاڵەوە تا گەشتوگوزار و ژینگە، نیشانەی خەمخۆرییە بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و دەستخۆشیکردن لە فەرمانبەران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر نەهێشتنی رۆتین و خێراکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.

ئەم جۆرە بەدواداچوونانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئۆرگانە حزبییەکان وەک بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی خەڵک سەیر بکرێن، نەک بارێک بەسەریانەوە.

تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی گەنجان و توێژی خوێندکاران، بڕبڕەی پشتی نوێبوونەوە و بەردەوامیی کۆمەڵگەیە. کاتێک خوێندکارێک لە گوندێکی دوورەدەستەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن روو لە زانکۆ دەکات، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئاستەنگەکانی نیشتەجێبوون و مانەوەی، رەنگدانەوەی بایەخدانی حزبە بە دواڕۆژی زانستیی ناوچەکە.

چارەسەرکردنی کێشەی بەشەناوخۆیی و نیشتەجێبوونی خوێندکاران بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن و رێکخراوە خوێندکارییەکان، هەنگاوێکی کردەیییە بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار تا گەنجانمان بێ گرفت سەرنج بدەنە سەر زانست و زانیاری.

هاوکات، دەڤەری راپەڕین خاوەنی خاکێکی بەپیت و سەرمایەیەکی گەورەی کشتوکاڵی و مرۆیییە. پشتیوانیکردنی بەرهەمی خۆماڵی و رەخساندنی دەرفەت بۆ جووتیاران و دەستڕەنگینییان لە رێگەی فێستیڤاڵ و پێشانگە ئابوورییەکانەوە، ستراتیژێکی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی و بەهێزکردنی بژێویی خێزانەکان.

ئەرکی ئێمەیە وەک هەڵگرانی بەرپرسیارێتی لە سنوورەکە، هەموو تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی سنووری بیتوێن و پشدەر بناسێندرێت و پشتگیریی شایستەی لێ بگوێزرێتەوە.

کارکردنی مەیدانی و جەماوەریی، ئامانجێکە کۆتایی نایەت، دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و بەدەنگەوەچوونی خواستەکانی جەماوەر، گەرەنتیی سەرەکیی سەرکەوتنمانە.

هاووڵاتییانی سەربەرزی راپەڕین شایستەی باشترین خزمەتگوزاری و نوێنەرایەتین و ئێمەش لە مەڵبەندی 24ی راپەڕین جەخت دەکەینەوە کە هەمیشە وەک سێبەری هاوسۆزی و پردی چارەسەر لە پەنایاندا دەمێنینەوە، چونکە رێزگرتن لە خەڵک و کارکردن بۆ ئاسودەیییان، بنەمای نەگۆڕی خەبات و ئامانجی بەرزی ئێمەیە.