
هەولێر – سێشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت؛ دوای پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئێستا هەنگاومان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە کە قۆناغی مەشق، ڕاهێنان، پڕچەککردن و پێشخستنی زیاتری تواناکانی ئەو هێزە نیشتمانییەیە.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری کاروباری پێشمەرگە، بەڕێوەبەران، فەرماندەکان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەتەکە، قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردنی نوێنەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێم کە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا پێکهاتووە. ئەمەش وەک هەنگاوێک تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر و کاریگەرتر داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگە لە بودجەی عێراقدا بکرێت و جێگیر بکرێن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جەختی لە پرسی هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق کردەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی دەستوور، کار دەکەن بۆ ئەوەی هەر هەوڵ و هەنگاوێک بۆ پڕچەککردنی سوپای عێراق بنرێت، بە هەمان شێوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش بگرێتەوە.
