
مەڵبەند – سێشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە پێناو یەکخستنی گوتاری میدیایی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان ئۆرگانەکانی حزب و دامەزراوەکانی حکومەت، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە دیدارێکی هاوبەشی بەشەکانی میدیای نوێ و حکومەت لەگەڵ تیمی یەکێتی لە لێپرسراوانی ڕاگەیاندنی حکومەتی خۆجێیی ڕاپەڕین لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی هەڵگری پاشناوی ڕاپەڕینن، جەختی لە پێویستیی داڕشتنی ستراتیژێکی میدیایی یەکگرتوو و سەردەمیانە کردەوە بۆ خستنەڕووی کار و پرۆژەکان و گەیاندنی پەیامی دروست بە کۆمەڵانی خەڵک.
لە میانی دیدارەکەدا، کە هەریەک لە هەڤاڵان ئەرسەلان مەحمود، سەرپەرشتیاری بەشی میدیای نوێ، کەمال محەمەد، لێپرسراوی بەشی حکومەت لە مەڵبەند و بەشێک لە ئەندامانی هەردوو بەشەکە ئامادەی بوون، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی هەستیاری ڕاگەیاندن کرد لەم قۆناغەدا. دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕاگەیاندنی فەرمانگەکان بە شەفافییەت و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییەوە پەیام و وێنەی ڕاستەقینەی دەڤەرەکە و خزمەتگوزارییەکان نیشان بدەن، تا گوتاری ڕاپەڕین ببێتە بڕاندێکی بەهێز و متمانەپێکراو لای کۆمەڵانی خەڵک.
هاوکات، میکانیزمێکی نوێی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان میدیای مەڵبەند و ڕاگەیاندنی فەرمانگەکان دیاری کرا، بۆ ئەوەی پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو خزمەتانەی پێشکەش دەکرێن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چەواشەکارییەک کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی سەنگ و پێگەی دەڤەرەکەیە.
