بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە؛ بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەند بەشداری لە چەند چالاکییەکی پەروەردەییدا دەکات

گردجان – سێشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەبۆنەی ٦ی ١٠، ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ هەمزە سەلیم، لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بەڕێز ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە، مەراسیمێکی تایبەت لە قوتابخانەی (نیشتمان)ی بنەڕەتی لە شارەدێی گردجان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و پەروەردەکاران ئامادەی بوون، چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری و ڕۆشنبیریی لە لایەن مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگەکەوە پەیوەست بەو یادە پێشکەش کران.
لە پەراوێزی چالاکییەکاندا، هەڤاڵ لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەند، وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی مەڵبەند بە سەرجەم مامۆستایان و پەروەردەکارانی دەڤەرەکە، بە ڕۆڵی پیرۆز و ماندووبوونی بێوچانی مامۆستایانی بەرز نرخاند.