ئەرك و مافی ژن لە داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

حەبیبە بابان

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین

خەبات و مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا دەگاتە وێستگەکانی خەباتی شاخ و شۆڕش، هەمیشە بە ئامادەیی و قوربانیدانی ژنان رازاوەتەوە، ژن لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەنها بینەر یان بەشداربوویەکی لاوەکی نەبووە، بەڵکو بڕبڕەی پشتی خۆڕاگری و پاراستنی سەنگەری خەباتی رزگاریخواز بووە، ئەمڕۆ لە قۆناغی خەباتی مەدەنی و رێکخراوەییدا، پێویستییەکی مێژوویی هەیە بۆ دەستنیشانکردنەوەی رۆڵی ژنان، ئاراستەکردنی تواناکانیان و رەخساندنی دەرفەتێک تا بتوانن ئامادەییەکی کاریگەرتر و بڕیاردەرانەتریان لە ئۆرگانە جیاوازەکانی حزبدا هەبێت.
پێش هەر شتێک، پرۆسەی بەهێزکردنی ژن لە خۆپەروەردەکردن و گەشەپێدانی تواناکانی خۆیەوە دەستپێدەکات، ژن بۆ ئەوەی بێتە پێشەوە و پێگەی شایستەی خۆی لە کایەی سیاسیدا بپێکێت، پێویستە خۆی بە چەکی زانست، رۆشنبیریی سیاسی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی پڕچەک بکات، خوێندنەوەی بەردەوام، تێگەیشتن لە هاوکێشە سیاسییەکان و ئاگاداربوون لە مافە قانونی و دەستوورییەکان، زەمینەیەکی بەهێز بۆ دروستبوونی بڕوابەخۆبوون لای ژنان دەڕەخسێنێت، کاتێک ژن خۆی لەڕووی مەعریفییەوە پێشدەخات، راستەوخۆ دەبێتە خاوەن توانای دیالۆگ، کاریگەری و دروستکردنی کارێزما، ئەمەش وای لێدەکات نەک تەنها وەک جێبەجێکارێک، بەڵکو وەک بڕیاردەر و سەرکردەیەک لە مەیدانەکەدا دەربکەوێت.
لەلایەکی ترەوە، ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئۆرگانە جیاوازەکانییەتی کە ستراتیژێکی روون و تۆکمە دابڕێژن بۆ هێنانی زیاتری ژنان بۆ ناو مەیدانی رێکخستن، هەقە ژینگەیەکی لەبار و گونجاو لەناو دەزگا حزبییەکاندا فەراهەم بکرێت کە هاندەر بێت بۆ بەشداریی راستەوخۆی ژنان، حزب دەتوانێت لەڕێگەی خولی راهێنانی بەردەوام، دابینکردنی سەنتەری گەشەپێدانی تواناکان و دروستکردنی تۆڕی بەهێزی هاوکاری، رێگە خۆشبکات تا ژنان بەبێ سڵکردنەوە بێنە ڕیزەکانی بەڕێوەبردن و رێکخستنەوە، ئەم هەنگاوە پێویستی بە بڕوایەکی قووڵی حزب هەیە بە رۆڵی یەکسان و هاوبەشی ژنان لە خەباتی سیاسیدا.
سەبارەت بەوەی چ جۆرە ژنێک پێویستە بێنردرێتە پێشەوە، گرنگترین مەرج ئەوەیە کە تیشک بخرێتە سەر ئەو ژنانەی خاوەنی کەسایەتیی بەرز، رەوشت و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی رێزلێگیراون، ئەو ژنەی لەنێو کۆمەڵگە و بنەماڵەکەیدا خاوەنی متمانە، سەنگینی و کارێزمای کۆمەڵایەتییە، زۆر خێراتر و کاریگەرتر دەتوانێت پەیامی حزب بگەیەنێتە نێو کۆمەڵگە و ببێتە پردێکی راستەقینە لەنێوان حزب و جەماوەردا. رێکخستن بە ژنی خاوەن کەسایەتی بەهێز دەبوژێتەوە، چونکە ئەو جۆرە ژنانە دەتوانن لەنێو خەڵکدا رێز کۆبکەنەوە و ببنە مایەی بڕوابەخۆبوونی تەواوی ژنانی دیکەی دەڤەرەکە.
لەگەڵ ئەمانەشدا، بابەتی بڕوانامە و ئاستی خوێندن باشترە نەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە ساڵانێکی درێژە لە ناو ریزەکانی حزبدا بە دڵسۆزی خزمەت دەکەن، زۆر لە ژنانی ئێمە لە سەردەمە سەختەکاندا، بەهۆی خەباتی شۆڕشگێڕی، کێشەی سیاسی یان بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنیان بۆ نەڕەخساوە، بەڵام ئەوان خاوەنی قووڵترین بڕوانامەی ئەزموون، وەفاداری، کۆڵنەدان و تێکۆشانن، بۆیە پێویستە لە ئۆرگانەکانی حزبدا، چاوپۆشی لە نەبوونی بڕوانامەی رەسمیی خوێندن بۆ ئەم توێژە تێکۆشەرە بکرێت و ئەزموونی دەوڵەمەندی مێژووییان وەک سەرمایەیەکی گەورە سەیر بکرێت.
شایەتی بەرزنرخاندنە کە رێز لە خزمەتی رابردووی ژنانی تێکۆشەر بگیرێت و لە هەمانکاتدا دەستگیرۆیی و رێنوێنی بۆ ژنانی گەنج و خاوەن بڕوانامەش فەراهەم بکرێت، تا تێکەڵبوونی ئەزموونی رابردوو و وزەی سەردەم بەیەکەوە ببنە هۆی بەهێزکردنی بنکەی جەماوەریی حزب، ژنانی تێکۆشەری رابردوو مامۆستا و رێنماییکاری نەوەی نوێن، ئەزموونی ئەوان لە مەیدانی کاردا، زۆر لە تیۆرە رووتەکانی ناو پەرتووکەکان بەنرختر و کاریگەرترە بۆ پەروەردەکردنی کادیری نوێ.
بەرەوپێشبردنی رۆڵی ژن لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تەنها دروشمێک یان مافێکی رووکارانە نییە، بەڵکو زەرورەتێکی سیاسی و رێکخراوەییە بۆ بەهێزکردنەوەی جەستەی حزب، کاتێک ژنانی بەئاگای خاوەن کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و خاوەن ئەزموونی تێکۆشان دەهێنرێنە مەیدانی بڕیاردان، حزب زیندوویی و دادپەروەری و هێزێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، بەو هیوایەی بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی تەواوی ژنانی تێکۆشەر و بەتوانا، تا بە هەموومانەوە شوێنپەنجەی خێر و ئاوەدانی لە خزمەتکردنی هاووڵاتییاندا بنەخشێنین.