سەرۆك بافڵ: كێشەكانمان لەگەڵ پارتی گەورەنین و بەدیالۆگ دەتوانین عیراق بەڕێوەبەرین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیداری مێری جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی سیاسەتی هەرێم لە بەغداد كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە عیراقێكی بەهێز و دەوڵەمەند، زامنی كوردستانێكی بەهێزە، راشیگەیاند: كە یەكێتی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆی پاراستووە و “پیاوی كەس نەبووە و نابێت”، هاوكات ئامادەیی حزبەكەی بۆ رێككەوتنی جددی و یەكسان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ دووپاتكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنی و ئابوورییەكانی ناوچەكە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدیداری مێری لەژێر ناونیشانی “لەو دەڤەرەی تێیدا هاوبەشین؛ پێشخستنی سەقامگیری و هاوكاری و خۆشگوزەرانی”، سەبارەت بە بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر، یەكگرتن، ئاسایش و هاوبەشی ناوچەیی رایگەیاند: ناوچەكە لەدۆخێكی مەترسیدار دایەو گرنگە وەك وڵاتانی دەوروبەرمان خۆمان ئامادە بكەین و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە رێكبكەوین بۆ روبەڕووبوونەوەی دۆخەكە، چونكە لەڕووی ئابوورییەوە هەموو جیهان دۆخی خراپەو لە عیراق و كوردستانیش مەترسی ئەمنی و ئابوری هەیە، بۆیە پێویستە چارەسەر بدۆزینەوە.

وتیشی: دەبێت هەموومان پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بكەین، لەئێستاشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی دەكات و لەچەند بوارێكدا بەرەو پێشەوەی دەبەین، هاوكات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان زۆر باشەو لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان پەیوەندیمان هەیە و پەیامی یەكێتی روونە.

یەكێتی پیاوی كەس نەبووە و نابێت

راشیگەیاند: شانازی دەكەم پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا، ئێران، روسیا و بەریتانیان و چەندین وڵاتی جیهان هەیە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیاوی كەس نەبووە و نابێت، بۆیە ئەوەی دەڵێت یەكێتی بەقسەی وڵاتان دەكات هیچ لە سیاسەت نازانێت.

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتیشەوە رایگەیاند: گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت بەرەپێشەوەچوون و دەتوانین لەماوەی 24 سەعاتدا حكومەت پێكبهێنین، بەڵام دەبێت سەرەتا كێشەكان چارەسەر بكەین، لەم چەند رۆژەدا دانیشتنی باش كراوەو قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی چەندین دانیشتنیان لەوبارەیەوە كردووە، هاوكات  خۆشم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید دانیشتووم و پەیوەندیمان هەيە.

سەرۆك بافڵ ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر شەڕ دەستپێبكاتەوە، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرنامەی تایبەتمان هەیەو  دەتوانین لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا میلەتەكەمان بپارێزین، چونكە تەنسیقم لەگەڵ پارتی هەیە.

لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاند: ئەمریكا بەئاسانی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ عیراق، چونكە لە ئوردنەو تەنها 17 دەقیقە لەعیراقەوە دوورە.

هاوكات لەبارەی چەكدانانی گروپە چەكدارەكانی عیراقەوە، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: زۆربەی گروپەكان لەگەڵ رادەستكردنی چەكدان و تێگەیشتوون كە ئەمە بۆ عیراق باشترەو بەهاوكاری ئێران دەتوانین ئەو گروپانە بگەڕێننەوە ژێر سایەی حكومەتی عیراق، بەڵام كات و متمانەی دەوێت.

وتیشی: ئێران چەند هێڵێكی سووری هەیە، ئەگەر ئەو هیڵانە نەبەزێنین ئێران هەڕەشە نابێت بۆسەرمان، لەسەردانەكەی ئەم دواییەمدا بۆ ئێران، گفتوگۆمان لەسەر چۆنییەتی پاراستنی كوردستان بە گشتی كرد، لە شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێران.

عیراقێكی بەهێزو دەوڵەمەند یەكسانە بە كوردستانێكی بەهێزو دەوڵەمەند

راشیگەیاند: سەرۆكوەزیرانی ئێستای عیراق دەیەوێت گۆڕانكاریی ریشەیی بكات، هاوكات تێڕوانینی خراپی بەرامبەر بە حكومەتی هەرێم نییە، ئەمەش بۆ كورد بەسوودەو دەبێت هەموو كوردستان تێبگات ئێستا ساڵانی 2003 و 2004 نییە، كە عیراق لاواز و هەرێم بەهێز بوو، بەڵكو ئەمڕۆ بەپێچەوانەوەیە، عیراقێكی بەهێز و دەوڵەمەند یەكسانە بە كوردستانێكی بەهێز و دەوڵەمەند.

رێككەوتمان لەگەڵ نەوەی نوێ جدییە

رێككەوتمان لەگەڵ نەوەی نوێ جدییەو من گاڵتە ناكەم كاری جددیی دەكەم، چونكە ئەم رێككەوتنەمان لەگەڵ نەوەی نوێ لەپبَشدا بۆ پارتی بەسوودە، چونكە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لەوە تێگەیشتووەو دەیەوێت یارمەتیدەربێت لە پێكهێنانی حكومەت، بۆیە ناكرێت لەمیدیاكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبكرێتەوە كە یەكێتی فێڵ لە نەوەی نوێ دەكات، لەئێستاشدا ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە رێككەوتنێكی یەكسانین بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەكاتێكدا هەمووان دەزانن حكومەتی پێشوو حكومەتێكی پڕ لە كەموموڕی بوو.

لەپێناو رێككەوتن 16 جار هاتوومەتە هەولێر

سەرۆكی یەكێتی وتیشی: لەپێناو رێككەوتن 16 جار هاتوومەتە هەولێر و نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێك، لەكاتێكدا لە سیاسەت و ستراتیجدا جیاوازییەكی ئەوتۆمان لەگەڵ پارتیدا نییە و كێشەكانمان گەورە نین، ئێمە سازش لەسەر مافەكانی خۆمان دەكەین بەڵام هەرگیز، سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان ناكەین.

قسەی پشت پەردەمان نییە

سەرۆك بافڵ راشیگەیاند: ئەگەر لایەنەكانی دیكەش وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سیاسەتێكی روون پەیڕەو بكەن، ئەوا كێشەكانمان لە هەرێمی كوردستان بە ئاسانی چارەسەر دەبن، چونكە ئێمە قسەی پشت پەردەمان نییە، ئێمە دەتوانین لەگەڵ توركیا، بەغداد، ئێران و ئەمریكا رێككەوین، بەڵام لەگەڵ خوشك و براكانمان لەناو پارتی رێكناكەوین، بۆچی؟ یەكێتی هەمیشە دەرگای گفتوگفتوگۆی كراوەیەو ئامادەیە بۆ رێككەوتن، بەڵام كاتمان زۆر لەبەردەستدا نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد: رۆژئاڤای كوردستان هەر داواكارییەكیان لێمان هەبێت ئێمە ئامادە بووین و ئامادەش دەبین هاوكارییان بكەین، هاوكات گەشبینم بە داهاتووی كورد لە سوریا و داوایان لێدەكەم تۆزێك لە كارەكانیاندا پەلە بكەن.

وتیشی: پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشەو پەیوەندییەكانمان ئاسایی بوونەتەوەو پێویستمان بە یەكترە، توركیاش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە مەسەلەی كورد و پەكەكەو هەڤاڵانمان لە شاخ بە دیالۆگ و دیپلۆماسییەت چارەسەر دەبن و ئێمەش هاوكار دەبین، هاوكات لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە ئێرانیش پڕۆسەیەكی نزیك لەوە بۆ هەڤاڵانمان پەیڕەو بكەین.

سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند: وەك چۆن یەكێتی دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەمووان هەبێت و سوودیان لێببینێت، دەبێت عیراقیش پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەكان پتەو بكات و سوود لە ئێران و ئەمریكا وەربگرێت چونكە سەرچاوەی هێزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

پەیامێك بۆ پارتی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆتایی قسەكانیدا وتی: پەیامێكی تایبەتم هەیە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڤاڵانی ئازیز باسی حزبایەتی ناكەم، باسی چەند هەڤاڵێك دەكەم لەناو پارتی كە بەهاوڕێی خۆمیان دەزانم، چەند كەسێكی دیكە هەیە كە بەهاوڕێی سەرۆك مام جەلال و هێرۆ خان و كاك كۆسرەتیان دەزانم، دڵنیابن لەوەی كە یەكێتی نە دەیەوێت بەبێ ئێوە حوكم بكات نە پێی دەكرێت، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێككەوتنێك و ئەمە هەلە بۆ ئێمە، سەیری پەیوەندییەكانی ئێمە بكەن لە بەغداد، سەیری پەیوەندییەكانی خۆتان بكەن لە بەغداد، ئەگەر ببین بەیەك دەتوانین عیراق بەڕێوەببەین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین، كێشەكانمان گەورەنین، وەرن بە رەسمی و بە نییەتێكی باشەوە دانیشتنەكانمان دەستپێبكەینەوە، چونكە ئێمە دڵمان پاكەو بڕنەوەكەشم دەوێت.

ئەمڕۆ 12-10-2026 دیداری مێری لەژێر ناونیشانی “لەو دەڤەرەی تێیدا هاوبەشین؛ پێشخستنی سەقامگیری و هاوكاری و خۆشگوزەرانی”، دەستی بە كارەكانی كرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا تیشك دەخرێتە سەر چەندین پرسی هەستیار و گرنگی ناوخۆیی و ناوچەیی.

دەقی وتەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیداری مێری: