
ڕانیە – پێنجشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی پەروەردەی تەکنەلۆژی و بەهێزکردنی توانای گەنجان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین ناوەندی داهێنانی ئەندازیاریی ئارمات (Armath)ی لە دەزگای پێشخستنی ناوچەیی ڕانیە کردەوە.
لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا، قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئامانجیان پەرەپێدانی دەڤەرەکە و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ سەرجەم توێژەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەی ڕاپەڕین وەک چۆن دەروازەی شۆڕش بووە، ئەمڕۆش شایەتحاڵی ڕاپەڕینێکی سەردەمیانەیە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا. هاوکات باسی لەوە کرد کە بەهۆی سنوورداریی تواناکانی حکومەتەوە، کار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران دەکەن و هەموو ئاسانکارییەکیان لە دەڤەرەکەدا بۆ دەستەبەر دەکەن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم و هۆشداریی دا لەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکە لە دۆخی هەرێم نائومێد دەبن، بۆیە داوای کرد بەپەلە و بە وەلاوەنانی کێشەکان، حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت. هەروەها ئاشکرای کرد کە لە داهاتوودا لقی دیکەی ئەم ناوەندە لە سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی تریش دەکرێتەوە.
ناوەندی ئارمات، کە یەکەمینە لە عێراق و دووەمینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بە مۆدێلێکی پەروەردەییی نێودەوڵەتی دەبەستێت کە لەلایەن یەکێتیی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەرمینیاوە پەرەی پێدراوە. ناوەندەکە تایبەتە بە مێردمنداڵان و گەنجانی تەمەن ١٠ تا ١٨ ساڵ، و ئامانجیەتی ژینگەیەکی پراکتیکی بۆ فێربوون و تاقیکردنەوە بڕەخسێنێت. تێیدا بەشداربووان بە شێوەیەکی کرداری فێری بوارەکانی ڕۆبۆتیک، بەرنامەسازی، دیزاین و چاپکردنی سێ ڕەهەندی، ئەندازیاریی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبن، بەمەش دەرفەت بە گەنجانی ڕاپەڕین دەدرێت ببنە بەشێک لە پێشەنگەکانی داهاتووی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری.
