
دەڤەری ڕاپەڕین، دەڤەری هەمیشە یەکەمینەکان بووە. بەهاری ١٩٩١ یەکەم دەنگی ڕاپەڕین لە ڕانیە، لەم خاکەوە بەرزبووەوە و مێژوو ناوی دەروازەی ڕاپەڕینی بە بەردابڕی. ئەمڕۆش دەروازەیەکی دیکە لەم شار و دەڤەرە سەوزەدا کرایەوە، ئەمجارەیان ڕووەو داهاتوو، بۆ ئەو نەوەیەی خەونەکانی لە سنووری جوگرافیای خۆی فراوانترن.
کردنەوەی یەکەمین ناوەندی ئارمات بۆ داهێنانی ئەندازیاری لە ڕانیە، بە هیممەتی قوباد تاڵەبانی، هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕۆژژمێری دەڤەرەکەدا. ناوەندەکە دەبێت بە پردێک لە نێوان ڕاپەڕین و جیهاندا. ئەو ئەزموونەی لە ئەرمینیاوە سەریهەڵدا و لە ئەمریکا و فەڕەنسا و جۆرجیا و بەنگلادیش ڕەگی داکوتا، ئەمڕۆ لە خاکی ئێمەدا شکۆفەی کرد. مانای ئەمەش ئەوەیە منداڵان، گەنجانی ڕانیە، قەڵادزێ و پشدەر، چوارقوڕنە و بیتوێن، حاجیاوا و سەروچاوە و بنگردی بناری شۆڕش، لە هەمان خاڵی دەستپێکدا دەوەستێت لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە پایتەختە گەورەکانی دنیادا.
یەکێتی لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونییەوە گەنجی بە سەرمایەی ڕاستەقینەی نیشتمان زانیوە. ئەمە درێژەپێدەری ئەو فەلسەفەیەیە سەرۆک مام جەلال هزرینەکەی چاند، سیاسەت خزمەتە و گەورەترین خزمەتیش داهاتووسازییە. لە ڕاگەیاندنی دەزگەی پەرەپێدانی دەڤەری ڕاپەڕینەوە تا ئەم ناوەندە، هێڵێکی ڕوون و بەردەوام دەبینرێت، ڕاپەڕین شایەنی ئەوەیە ببێتە نموونە و پێشەنگی گەشەپێدان لە سەرانسەری کوردستاندا.
گەنجانی خۆشەویستی دەڤەرەکەمان، ئەم ناوەندە بۆ ئێوە کراوەتەوە. ئەو بیرۆکانەی شەوانە لە دەفتەری خەونەکانتاندا دەیاننووسن، ئێستا شوێنێکیان هەیە تا ببنە ئامێر، ببنە پرۆژە، ببنە کار و نان و ئایندە. داهێنان لێرەدا دەستپێدەکات و چیتر پێویست ناکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگە شارەکەتان جێبهێڵن. دەرگەکە کراوەیە و تەنها چاوەڕێی هەنگاوی ئێوەیە.
دایکان و باوکانی ڕاپەڕین، منداڵەکانتان بەرەو ئەم ناوەندە ڕەوانە بکەن. هەر منداڵێک ئەمڕۆ فێری بیرکردنەوەی داهێنەرانە بێت، سبەینێ کۆڵەکەیەکی ئابووری و زانستیی ئەم دەڤەرە دەبێت. ڕانیە و دەڤەرەکە ڕۆژێک بە ڕاپەڕین مێژوویان نووسییەوە. ئەمڕۆ بە داهێنان داهاتوو دەنووسنەوە.
میدیای مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
