
ئەمڕۆ ٢٦ی حوزەیران، بە شکۆوە یادی برینێکی قووڵ لە جەستەی نیشتمانەکەمان و یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان دەکەینەوە. ٣٧ ساڵ لەمەوبەر و لەم ڕۆژەدا، ڕژێمی فاشیستی بەعس، دوای کۆتاییهاتنی شەڕی عیراق-ئێران لە ٨ی ئابی ١٩٨٨، پەلامارێکی دڕندانەی بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و کوردکوژی لە قەزای پشدەر دەستپێکرد.
٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٩ تا ٢٦ی هەمان مانگ، لە ماوەی تەنها شەش ڕۆژدا، تەواوی دانیشتووانی شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و قەزای پشدەری سەربەرز بە سەرجەم ناحیە و گوندەکانییەوە و بە زەبری هێز لە زێدی باوباپیرانی خۆیان وەدەرنران و بەزۆرەملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی خەبات، جدیدە، بەحرکە و دارەتوو لە هەولێر و بازیان و باینجان لە سلێمانی. پاش چۆڵکردنی ناوچەکەش، سوپای دڕندەی بەعس بە بەکارهێنانی ماددەی تەقەمەنی (TNT) سەرجەم خانووبەرە، خوێندنگە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکانی شارەکەی لەگەڵ خاکدا تەختکرد و شارەکەی وەک ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیاند.
ئەم پاکتاوە نەژادییە، درێژکراوەی تاوانێکی دیکەی دژەمرۆڤانە بوو کە پێشتر هەمان شار بە دەستی هەمان ڕژێمەوە چەشتبووی، بۆردومانی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی بەعس بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانییان لە باوەشی شارەکەدا بۆردومان کرد و سەدان هاووڵاتیی مەدەنی و خوێندکار و مامۆستایان خەڵتانی خوێن کرد. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزی پێشەنگی گەلەکەمان و حزبی شەهیدان، باشترین و پڕشکۆترین وەڵامی ئەم کارەساتانەی بە بەرپاکردنی ڕاپەڕینی جەماوەریی هەشتاکان دایەوە، کە هەر لە قەڵادزێی شەهید و شەهیدانەوە، لە هەشتەمین ساڵیادی کارەساتەکەدا چەخماخەیدا و زۆربەی شار و شارۆچکە و ناوەندەکانی خوێندنی لە سەرتاسەری کوردستاندا گرتەوە و بوو بە هەوێنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ئازادی.
ئەمڕۆ کە ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو وێرانکارییەدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، هاوکات لەگەڵ ئەوەی سەری ڕێز و نەوازش بۆ خەبات و قوربانیدانی شەهیدانی قەڵادزێ و پشدەر و خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەکەی دادەنوێنین، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئاوڕی جددی لە دۆخی ئەم شارە قارەمانە بداتەوە. دابینکردنی ڕێگاوبانی مۆدێرن، نەخۆشخانەی پێشکەوتوو، ئاوی خواردنەوەی پاک و کارەبای بەردەوام، منەت نییە، بەڵکوو مافێکی ڕەوا و شەرعیی خەڵکێکە کە باجی ئازادیی ئەم خاکەیان بە خوێن و ماڵوێرانی خۆیان داوە. هاوکات پێویستە پلانی خێرا دابنرێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە، تا ڕێگری بکرێت لە دیاردەی کۆچی نائاسایی گەنجان کە بەهۆی بێکارییەوە تووشی هاتوون.
هەروەها، داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین، وەک میراتگری یاسایی حکومەتەکانی پێشووی عیراق، لە چوارچێوەی ماددەی ١٣٢ی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا، بەپەلە و بەشێوەیەکی شایستە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی زیانلێکەوتووان و ڕاگوێزراوانی ئەم کارەساتە بکاتەوە و کاری کردەیی بۆ گەشەپێدانی شارەکە بکات. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، تاوانی ڕاگواستن و وێرانکردنی قەڵادزێ و قەزای پشدەر بەگشتی بە فەرمی وەک جینۆساید بناسێنن، چونکە تەواوی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پاکتاوی نەژادی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی لەم کارەساتەدا بەرجەستەن.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین دووپاتی دەکاتەوە، کە پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە سەرووی هەموو ململانێیەکی سیاسییەوە. ئەو خاکەی بە خوێنی هاووڵاتیانی پشدەر پارێزراوە، ئەرکی هەموومانە بە یەکڕیزی و پەیوەندیی پتەوی نێوان ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بیپارێزین. هیچ کێشمەکێشێکی ناوخۆیی و ململانێیەکی سیاسی، نابێت پەردە بخاتە سەر ئەو بنەما هاوبەشانەی کە یەکێتییمان دەکات، یەکێتیی لە بیر، لە خەبات و لە چارەنووسدا.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی قەڵادزێ و قەزای پشدەر،
سڵاو لە خۆڕاگریی خەڵکی ئەم دەڤەرە هەمیشە سەوز و سەربەرزە،
سڵاو لە هەموو ئەو ڕۆڵانەی ئەمڕۆش پاسەوانی ئەو خاک و شوناسەن.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
