مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین:لە یادی ٣٥ ساڵەی کەناڵی دایکدا، جەخت لە پشتیوانی نەگۆڕ بۆ میدیایەکی بەرپرسیار و نیشتمانی دەکەینەوە.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سی و پێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، کەناڵی دایک و یەکەمین شاشەی بینراوی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم میدیاکارانی ئەو کەناڵە ڕەنگین و سەنگینە و ڕۆژنامەنووسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵک دەکەین.

١١ی ئەیلول تەنها ڕۆژێکی ئاسایی نییە لە ڕۆژژمێری میدیای کوردیدا، وێستگەیەکی گرنگی مێژوویی و نەتەوەییە کە تیایدا بە دیدی قووڵ و دووربینانەی سەرۆک مام جەلال، کورد بۆ یەکەمجار خاوەندارێتی لە وێنە و گێڕانەوەی ڕەسەنی خۆی کرد. لەو ڕۆژەدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان لە شاخەوە پردێکی پتەوی لەگەڵ شار دروستکرد،و خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی شاشەیەکەوە بە دیداری خۆی و شۆڕشەکەی شاد بوو.

ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەسەر پشتیوانیی نەگۆڕمان بۆ میدیایەکی بەرپرسیار و نیشتمانی دەکەینەوە. ئومێدەوارین وەک هەمیشە کەناڵی گەلی کوردستان و سەرجەم میدیاکانی یەکێتی، هەمیشە وەک ئاوێنەیەک، ڕەنگدەرەوەی کێشە و داواکارییەکانی خەڵک و خزمەتکاری ڕاستەقینەی ئامانجە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەتەوەکەمان بن.

دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەروەریی کوردستان.

هەر شاد و سەربەرز بن.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین