
١١ی ئەیلول، ساتەوەختی لەدایکبوونی شاشەی کوردی
ئەرسەلان مەحمود
١١ی ٩ لە سلێمانی،
بوو بە شایی و گۆرانی،
پێیان وتین ئەوە هات،
مام جەلال تاڵەبانی.
هەندێک ڕێکەوت هەن، نابێ تەنها وەک ژمارە ببینرێن لە ڕۆژژمێردا. ١١ی ئەیلول لە یادەوەریی بزاڤی میدیایی کوردیدا دروست لەو جۆرەیە، ڕۆژێکە تیایدا وێنەی کوردی، دوای تەمەنێک لەوەی لە چاوی ئەوانی ترەوە دەبینرا، بۆ یەکەمجار لە چاوی خۆیەوە سەیری خۆیکرد و لەژێر پاڵەپەستۆی بێدەنگیدا هاتە دەرەوە. ئەو گۆرانییە میللییەی ئەو پاییزە کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی شاری پڕ کردبوو، ڕووداوەکەی لە شادی و ناوێکدا کورتکردەوە. بەڵام لەژێر ئەو سادەییەدا فەلسەفەیەکی تەواو کوردی خەوتووە، شار تەنها ئاهەنگی هاتنی ڕابەرێکی نەدەگێڕا، ئاهەنگی گەیشتنی خۆی دەگێڕا بۆ سەر شاشە.
ئەو ڕۆژە، سەرۆک مام جەلال لە یاریگەی سلێمانی، لەنێو ئاپۆرەی هەزاران هەزار کەسدا، گوتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، ئەو گوتارە یەکەم وێنەی پەخشی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بوو. بەم جۆرە، سەرۆک مام جەلال ئەو ڕۆژەی لە ڕۆژی چەکەوە کرد بە ڕۆژی لێنز. ئەو دەنگەی ساڵانێک بوو لە لوتکە و گەروی شاخەکانەوە دەهات و لە گوێچکەدا کۆمەڵانی خەڵکی چۆش دەدا، ئەو ڕۆژە ڕوخساری پەیدا کرد، بوو بە پردی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و کۆمەڵگەم پردێک شار هەموو ئێوارەیەک پێیدا دەپەڕییەوە بۆ لای شۆڕش و شۆڕشیش بۆ لای شار.
پێش ئەو ڕۆژە، کورد لەسەر شاشە دەرکەوتبوو، بەڵام وەک میوان لە ماڵی خەڵکدا. لە تەلەفزیۆنی کەرکووکی سەردەمی بەعسدا چەند خولەکێکی کوردی هەبوو، ئەویش لەژێر چاوی ئەمندا، تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ـیش، یاساغ بوو بێژەی کورد دەنگوباس بەو جۆرە دەستەواژانە دەستپێبکات، دەکەوتنە دەرەوەی عروبە و فەلسەفەی بەعسیزم. دەی وێنەی خوازراو هەر تەنها ئەوە دەڵێت خاوەنەکەی ڕێگەی پێدەدات. لێرەوە، بینران بۆ نەتەوەیەکی لە بووندا نکۆڵیلێکراو خۆشگوزەرانی نییە، مەرجی بوونە. بێرکلی دەیگوت بوون بریتییە لە بینران، ئەوەی لای ئەو فەیلەسووفە ئیرلەندییە مەتەڵێکی مێتافیزیکی بوو، لای کورد ئەزموونێکی سیاسیی ڕۆژانە بوو، ئەوەی نەبینرێت، وەک ئەوە وایە هەر نەبووبێت. هایدیگەریش سەردەمی مۆدێرنی بە سەردەمی وێنەی جیهان ناوزەد کرد، سەردەمێک جیهان تیایدا وەک وێنە دەناسرێت، بەم پێیە، ئەوەی وێنەی نەبێت، لەناو جیهاندا شوێنێکی نییە. بۆیە دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان تەنها دامەزراندنی ئامرازێکی گەیاندن نەبوو، وڵامێکی مێژوویی بوو بۆ تەمەنێک لە پەراوێزخستنی سەپێنراو و وەرگرتنەوەی ماڵی وێنەی خۆیی کوردی لە دەستی داگیرکەرانی وێنەکەی.
ساڵی ١٩٩١ خۆی ساڵێکی دوو ڕوخسار بوو. لە بەهاردا، دوای ڕاپەڕین و کۆڕەو، جیهان کوردی لەڕێی کامێرا و فۆتۆگرافەرە بیانییەکانەوە بینی، ئاوارەیەکی شەکەت لەسەر سنوورە بەفرینەکان، وێنەیەک بوو سۆزی دەوروژاند بەڵام ناسنامەی نەدەبەخشی. لە پاییزدا، کورد بە کامێراکەی خۆی، خۆی بینی، گەلێک لەناو شاری خۆیدا، نەک ژمارەیەک لە کەمپێکدا. جیاوازیی نێوان ئەو دوو وێنەیە، جیاوازیی نێوان بابەتبوون و بکەربوونە، نێوان ئەوەی باسی دەکرێت و ئەوەی خۆی باسی خۆی دەکات.
ماناداریشە یەکەمین کادری ئەو شاشەیە نە ستۆدیۆ بوو نە بێژەر، بەڵکوو یاریگەیەکی پڕ لە خەڵک بوو و گەورە ڕابەرێکی مێژوویی لەنێویاندا دەدوا. یەکەم وێنەی بینراوی شاشەی کوردی، خودی خەڵکی کورد خۆی بوو. لاکان باس لە قۆناغی ئاوێنە دەکات، ئەو ساتەی منداڵ بۆ یەکەمجار وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا دەناسێتەوە و جەستە پەرتەکەی لە یەک وێنەدا کۆدەبێتەوە. ئەو ڕۆژەی سلێمانی تیایدا ژیا، قۆناغی ئاوێنەی شارێک نا، نەتەوەیەک بوو، هەزاران تاکی پەرتبووی ساڵانی ئەنفال و کۆڕەو، خۆیان وەک ئێمەیەک بینییەوە. شاشە لێرەدا پەنجەرەیەک نەبوو بۆ سەیرکردنی جیهان، ئاوێنەیەک بوو بۆ ناسینەوەی ڕوخسار. بەم مانایە، ١١ی ئەیلول ڕووداوێکی ئۆنتۆلۆژی بوو پێش ئەوەی ڕووداوێکی میدیایی بێت.
ئەم تەلەفزیۆنە بە دەستی کورد و بە بیری خۆماڵی و بە توانای تەکنیکیی نیشتمانی بونیاد نرا، لە پاییزێکدا هێشتا هیچ شتێکی تیادا یەکلانەببووەوە، پێش هەڵبژاردنەکانی بەهاری ١٩٩٢ و پێش لەدایکبوونی پەرلەمان و حکومەت. واتە شاشە لە هەرێمی کوردستان پێش دامەزراوە هات و وێنە یەکەم دامەزراوە بوو. قووڵایی ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییە لێرەدا دەردەکەوێت، مامی ڕابەر، ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژنامەوانی لە ڕەگی تەمەنیدا بوو، زۆر باش دەیزانی سیاسەتی مۆدێرن لە توانای گێڕانەوەی خودەوە دەستپێدەکات، گەلێک خۆی چیرۆکی خۆی نەگێڕێتەوە، ئەوانیتر بە ئارەزووی خۆیان بۆی دەگێڕنەوە. بۆیە ئامادەبوونی ئەو لەو یاریگەیەدا تەنها ئامادەبوونی سەرکردەیەک نەبوو لە ئاهەنگێکدا، ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی لەدایکبوونی گوتارێکی بینراو بوو، ڕاگەیاندراوێک بە ڕووی جیهاندا، کورد لەمەودوا خۆی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.
سی و پێنج ساڵ دواتر، ئەو شاشەیە تەنها لە برینی ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا چەند ڕۆژێک بێدەنگ کرا، بەڵام دیسانەوە دەنگ و ڕەنگیدایەوە. لە یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٨ەوە، ڕێک لە ڕۆژی لەدایکبوونی یەکێتیدا، پەخشی ئاسمانی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی دەستپێکرد، شاشەی گەلی کوردستان لێرەوە لە سنووری شارێکەوە فراوان بوو بۆ سنووری زمانێک. بەڵام گەورەترین بەرهەمی ئەم کەناڵە لە ئەرشیفی بەرنامەکانیدا نییە، لەو مرۆڤانەدایە تیایدا پەروەردە بوون و دواتر بوون بە ڕوخسار و بەڕێوەبەری دەزگەی میدیایی تر. دامەزراوەی ڕەسەن بەو شاشانە ناپێورێت خاوەنیانە، بەو ڕووانە دەپێورێت بە شاشەکانی دیکەی بەخشیوە، گەلی کوردستان لەم ڕووەوە لە کەناڵێک زیاتر، خوێندنگەیەکە.
پێویستە ئەوەش بڵێم، ئەم ئاوڕدانەوە لەو سەعاتی سفرە، ئەگەر تەنها هەر نۆستالژیا بێت، ئەو ڕۆحیەتە دەکاتە مۆزەخانە. لە ١٩٩١دا تاکە شاشەیەک هەبوو خەڵکی لەبەردەمیدا کۆدەبوونەوە، لە ٢٠٢٦دا شاشەکان لە ژمارە نایەن، هەر تاکێک بە تەنها لەبەردەم شاشەی خۆیدا دانیشتووە. کەمیی وێنە بووە بە لافاوی وێنە و پرسیارەکەش گۆڕاوە، ئێستا چیتر پرسیار ئەوە نییە دەبینرێین یان نا، پرسیار ئەوەیە بە چی و کوێ دەگەین کاتێک بێپسانەوە دەبینرێین؟ گی دیبۆر لە کۆمەڵگەی نمایشدا دەڵێت، کاتێک پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لەڕێی وێنەوە بەڕێوەدەچێت و نمایش جێگەی ژیان دەگرێتەوە، مەترسی گەورە ڕوودەدا. مەترسی ئەمڕۆی میدیای کوردی ئەوەیە ئەو شاشەیەی ڕۆژێک ئاوێنەی خۆناسینەوە بوو، ببێت بە دەمامک، خێرایی قووڵایی بکوژێ، هێڵی هەواڵی بەپەلە جێگەی بیرکردنەوە بگرێتەوە و ژاوەژاو خۆی لە خەڵک بکاتە زانیاری. لە ناوچەیەکدا شەڕ بەسەر ئاسمانیدا تێدەپەڕێت و هەر هێزێک ڕاوی چاوی خەڵک دەکات، شاشەی کوردی لەبەردەم هەمان تاقیکردنەوەی ١٩٩١دایە، دەنگدانەوەی گێڕانەوەی ئەوانی دیکە بێ، یان خۆی خۆی بگێڕێتەوە.
ئەرکی ڕاستەقینەی ئامرازی میدیایی لەمڕۆدا، گەڕانەوە نییە بۆ ١٩٩١ وەک شوێنێک، گەڕانەوەیە بۆی وەک پێوەر. ئەو پرسیارەی یەکەمین شاشەی کوردی کردی، هێشتا ڕەوایە، ئایا لە چاوی خۆمانەوە سەیری خۆمان دەکەین؟ ڕاگەیاندن ئەو کاتە شایستەی میراتی ئەو ڕۆژەیە، تێپەڕاندنی ڕووکەشی بکاتە پیشە، شایەت بێت نەک دەنگدانەوە، ئاوێنە بێت نەک دەمامک و ڕەسەنایەتی بکاتە بنەمای بەرپرسیارێتی لەبەردەم ئەو گۆڕانکاری و خواستانەی سەردەم سەپاندوونی. ئەو پاییزە لەگەڵ سلێمانی، هەموو کورد لە هەموو شارەکانی کوردستاندا هەڵپەڕی، لەبەرئەوەی خۆی بینی. بەهای هەر شاشەیەکی کوردی ئەمڕۆ بەوە دەپێورێت ئایا هێشتا دەتوانێت ئەو ساتە ناسینەوەیە بە خەڵک ببەخشێتەوە، یان تەنها دەیانخاتە بەردەم وێنەگەلێک خۆیانی تیادا نابیننەوە.
