ڕۆژی یەکەمی دووەمین ژوانی ساڵانەی شیعر و ئەدەبیاتی خانمان لە ڕانیە بەڕێوەچوو

رانیە – چوارشەممە، ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦
هەڤاڵان حەبیبە بابان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی بەشەکان و هەڤاڵانی مەڵبەند، ئامادەی بەڕێوەچوونی دووەمین ژوانی ساڵانەی شیعر و ئەدەبیاتی خانمانی هەرێمی کوردستان بوون لە ڕانیە، کە لەژێر ناونیشانی گوڵەزەر – تەواری شیعر و ڕامانی ژن دا ڕێکخرابوو و تێیدا تێکۆشەرانی یەکێتی، پەڕلەمانتاران، قائمقامی قەزای ڕانیە و ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی ڕانیە و دەڤەرەکە و عاشقانی گۆرانی و میوزیک و شیعر بینەری بوون.
ڕۆژی یەکەمی ژوانە ئەدەبییەکە، کە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، جگە لە ڤیدیۆگرافی گوڵەزەر و وتاری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری ڕاپەڕین، وەک لایەنی ڕێکخەر، چەند بەرهەمێکی گۆرانی میوزیک و هەشت خانمە شاعیر بەرهەمەکانیان تێیدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ڕۆژی دووەم و کۆتایی ژوانە ئەدەبییەکەدا، کە دەکاتە سێی ئەیلول، بریار وایە کارنامەی ژوانەکە فراوانتر دەکرێت بە پێشکەشکردنی پانێڵێک بە ناونیشانی مژاری گوڵەزەر: دەق، بونیاد و دنیابینیی ژن کە تیایدا ژمارەیەک توێژەر بەشداری تێدا دەکەن و تیشک دەخەنە سەر ڕەنگدانەوەی وێنەی ژن و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە شیعری ژنانی کورددا. هەر لەم ڕۆژەدا شەش خانمە شاعیری دیکە بەرهەمەکانیان دەخوێننەوە و بڕگەکانی میوزیک و گۆرانییش بەردەوام دەبن.