
ئەرسەلان مەحمود
شار تەنها کۆمەڵێک بینا، کوچە و شەقام نییە، بەڵکوو جەستەی بەرجەستەی بوونی مرۆڤە. شوێن، ئەو پانتاییەیە مرۆڤ ماناکانی خۆی تێدا دادەڕێژێت و شوناسی خۆی لەگەڵدا گرێ دەدات. لە ٣٧ ساڵە یادی ڕاگواستن و وێرانکردنی قەڵادزێ و قەزای پشدەردا، ئێمە هەر یادی تاوانکارییەکی سەربازیی ڕووت ناکەینەوە، بەڵکوو قسە لەسەر هەوڵێکی تۆقێنەر دەکەین بۆ سڕینەوەی ئینتۆلۆژیای مرۆڤێکی ڕەگداکوتاو لە جوگرافیای خۆیدا.
وێرانکردنی تەواوەتی قەڵادزێ و قەزای پشدەر لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٨٩دا، پەلامارێکی سیستماتیکی ڕژێمی فاشیستی بەعس بوو بۆ سەر خودی مانای بوون لەو شارەدا. عەقڵیەتی فاشیزم پێیوابوو بە تەختکردنی ماڵەکان، کوێرکردنەوەی کانییەکان، بڕینەوەی دارەکان و دەرکردنی زۆرەملێی مرۆڤەکان لە زێدی خۆیان، دەتوانێ کۆتایی بە هەبوونیان بهێنێت و پەیوەندییە ڕۆحییەکەی نێوان ئینسان و خاک بپچڕێنێت. لە فەلسەفەی بوونناسیدا، فەناکردنی شوێن هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بۆشایی و عەدەم، کاتێک مرۆڤ لە شوێنی خۆی هەڵدەكەندرێت، تووشی نامۆبوونێکی قووڵ دەبێت، چونکە بەشێک لە ڕیشەی هەبوونی خۆی لەدەستدەدات. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ماشینە وێرانکەرەکە توانی ئەو بوونە لە ڕەگەوە هەڵکەنێت؟
لێرەدایە هێزی گەورەی یادەوەری وەک پایەیەکی پتەوی مانەوە دەردەکەوێت. بۆ خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر، یادەوەری بوو بەو نیشتمانە بەدیلەی بوون و شوناسیان تێدا پاراست. گەرچی جەستەیان بە زۆرەملێ ڕاگوێزرا بۆ ئۆردوگاکانی مەرگ و وێرانەکان، بەڵام ڕۆح و ئاگاییان هەر لەناو کەلاوەکانی شارە خامۆشەکەدا مایەوە. ئەم بەرگرییە ناوەکییە وایکرد پرۆسەی سڕینەوەکە بەتەواوی شکست بهێنێت. ڕاپەڕین، گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی پشدەر، تەنها هەڵچنینی دیوار و دروستکردنەوەی بینا نەبوو، بەڵکوو سەلماندنەوەی ئەو حەقیقەتە فەلسەفییە بوو بوونی ڕاستەقینە، لەناو ئاگایی و ئیرادەی مانەوەدایە و بە زەبری ئاسن، دینامیت و ئاگر لەناو ناچێت.
ئەمڕۆ، ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو زامە قووڵە و ئەو هەوڵی فەناکردنەدا تێدەپەڕێت، قەڵادزێ وەک هێمایەکی درەوشاوەی سەرکەوتنی هەبوون بەسەر نەبووندا دەوەستێت. قەڵادزێ بە زمانێکی بێدەنگ پێماندەڵێت: تا ئەو کاتەی مرۆڤ شوێنی خۆی لەناو یادەوەری و ڕۆحیدا بە زیندوویی هەڵبگرێت، هیچ هێزێکی فیزیکی ناتوانێت بوونی بسڕێتەوە. ئەوەی لەو ساڵەدا وێران کرا، تەنها فۆڕمێک بوو لە ماددە، بەڵام جەوهەری بوون و ژیان، هەمیشە وەک قەقنەس لەناو خۆڵەمێشەکەی خۆیەوە باڵ دەگرێت و بەرەو ئاسمانێکی نوێ هەڵدەفڕێتەوە. یادکردنەوەی ئەمڕۆ، تەنها گریان نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو جەژنێکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ مانەوەی شکۆمەندانەی مرۆڤ و شکستپێهێنانی مەرگ.
