مەڵبەند پاڵپشتیی بەرەوپێشچوونی زانستی دەکات: وەفدێکی مەڵبەند بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زیرەکیی دەستکرددا کرد

لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوام بە کەرتی خوێندنی باڵا و پاڵپشتیکردنی ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی دەڤەرەکە، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ڕاپەڕین کرد.
لە یەکەمین ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، هەڤاڵ حەبیبە بابان جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە یاوەریی هەریەک لە هەڤاڵان کەمال محەمەد لێپرسراوی بەشی حکومەت، هەمزە سەلیم لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی کۆمیتەکان و هەڤاڵانی مەڵبەند، ئامادەی کارنامە و پانێڵەکانی ئەو دیدارە زانستییە بوون.
ئەم کۆنفرانسە، کە لەژێر ناونیشانی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زیرەکیی دەستکرد بۆ بەردەوامی لە جیهانێکی پەرەسەندوودا بەڕێوەچوو، پرۆژەیەکی زانستیی گرنگە و لەلایەن زانکۆی ڕاپەڕینەوە بە هاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە زانکۆکانی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، پۆلیتەکنیکی دهۆک، سۆران، زاخۆ، لوبنانی-فەڕەنسی، پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ئەربیلی نێودەوڵەتی و زانکۆی UTHMی مالیزی ڕێکخراوە.