قەیران و بێئاگایی سیاسی

عمر قادر

بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مافی سروشتییە بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە دروشمەکانی سەروەختی هەڵبژاردن و بەدیهێنانیان بکات لەسەر ئەرزی واقیع، پارێزگاریکردن و پێشخستنی قەوارەی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی نموونەیی، بەشێوەیەک تاکی کۆمەڵگەی کوردی لەسایەیدا بە یەکسانی ماف و ئازادی گشتییان بۆ فەراهەم کرابێت.
لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە لە ئامانجە بنەڕەتییەکانییەتی کە سەقامگیری ببەخشێ بە پرۆسەی سیاسی هەرێم و هەرگیز دەرفەت بەهیچ کەس و لایەنێک نەدات حوکمڕانی دژ بە بەرژەوەندییە بنەڕەتی و ستراتیژییەکانی گەل بەکاربهێنێت و یەک کەس یان یەک لایەن خاوەنی بڕیار و پیادەکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بێت و هیچ کەسیش مافی چاودێری و بەدواداچوون و تانەلێدانی نەبێت، چونکە شێوازی حوکمڕانی لەم جۆرە، لەگەڵ سەردەم گونجاو نییە و وڵات بەرەو وێرانی و داڕمان دەبات.
بەداخەوە شێوازی حوکمڕانی هەرێم لەبار نییە، خاوەن ئابوورییەکی متمانە پێکراوی بەهێزی خۆمان نین، دامەزراوە و پڕۆژەکانی حکومەتیش جێگەی دڵخۆشی خەڵک نین، هەرئەوەش وایکردوە رایەکی گشتی لای جەماوەری گەلەکەمان دروستببێت کە ئەو جۆرە لە حوکمڕانی، مەترسی گەورە و کارەسات بۆ ناوخۆی هەرێم و شوناسی نەتەوەییمان بەرهەمدێنێ، چونکە تا ئەم چرکەساتە خاوەن هێزێکی بەرگریی یەکگرتووی خۆمان نین تا بتوانین رووبەڕووی دەستدرێژی و ئاڵنگاریەکان ببینەوە کە لە دەرەوەی هەرێم رووبەڕوومان دەبێتەوە، تەنانەت رووبەڕووبوونەوەی کارەسات و رووداوە سروشتییەکانیش، کارێکی قورسە و لەتوانادا نییە، لە سایەی خراپیی سیستمی حوکمڕانی و بە هەدەردانی سامانی نەتەوایەتیمان.
لەبەرئەوە یەکێتی هەوڵ و پلانەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرەڕۆییەکانی حکومەتی ماوە بەسەرچوو، رزگارکردنی سامان و داهاتی ئابووریی هەرێم، دەربازکردنی لە چەقبەستوویی ئابووری، بەفیڕۆدانی پارە و سامانی گشتی.
لە سەرەتاوە هەوڵی راستکردنەوەی ئەدای حکومەتی لەبەرچاو گرتووە، بەڵێنی بە کۆمەڵانی خەڵک و دەنگدەرانی داوە حکومەتێکی باشتر و خزمەتگوزار و دادپەروەر بەدیبێنێ، لەکاتێکدا خەڵک مەسەلەی دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەت لەسەر ریتمی حکومەتی کابینەی نۆیەم رەتدەکەنەوە.
پڕۆژە و بڕیارەکانی بێبنەما و نادادپەروەرن، ئەوەی ئێستا خەڵک داوای دەکات جگە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری، جگە لە داوای یەکسانی و جیاوازی نەکردن لە نێوان ناوچەکانی هەرێم،  داوای گەورەتری هەیە لە رووی سیاسی، پاراستنی و دواڕۆژی وڵات و ئایندەی نەوەکانی دواڕۆژ.
خەڵکی حکومەتێکیان دەوێت بەهرەمەند و بەتوانا بێت، ئەوان حکومەتێکیان گەرەکە لەپێناوی ئەواندا کاربکات نەک لە دژیان. بەداخەوە ئەو داواکاری و پێداویستیانە بیریشی لێنەکراوەتەوە و ماوەی دوو ساڵە حکومەت ماوەی بەسەرچووە و لە بەرژەوەندیی حزبێک بەڕێوەدەچێت، ئاسەواری خراپی بەسەر خەڵکدا جێهێشتووە بە رادەیەک رۆحیەتی نیشتمانی و ئینتیمای لای تاکی کورد لاواز کردووە، دەبینین و دەبیستین بە ئاشکرا خەڵک ئامادە نییە وەک رابردوو بۆ قوربانیدان و خۆ بەختکردن لەپێناوی قەوارەی هەرێم و دەسکەوتە بەدیهاتووەکانی، ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، حکومەت لە بازنەیەکی داخراوی بێ کۆتایی دەخولێتەوە بەبێ ئاراستەیەکی دیار و دڵخۆشکەر .
ئەگەری ئەوەمان لە پێشە ئەو کەشتییەی هەموومانی گرتۆتەخۆ، خۆی بکێشێ بە چیایەک یان گابەردێکدا و نوقمی دەریامان بکات.
پرۆسەی پێکهێنانەوەی حکومەتێکی کارا، دادپەروەر و خزمەتگوزار مەسەلەیەکی سەرەکی و مەبدەئیە بەلای (ی.ن.ک)وە، بەشێوەیەک حکومەت خۆی بە بەرپرسیار و خزمەتکاری خەڵک بزانێت، یەکێتی دەرفەت نادات حکومەت سنووری دەسەڵاتەکانی ببەزێنێت و بڕیارەکانی لەسەرووی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی خەڵک و بەمیزاجی شەخسی دەربکات و بیسەپێنێت، بێ ئەوەی رەچاوی ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک بکات لە دانانی کرێ و نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک لە نموونەی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و دانانی بڕێکی زۆری باج بەسەر هاووڵاتیانەوە، بێ ئەوەی کەس بزانێت ئەو داهاتانە دەچنە باخەڵی کێوە؟
هێنانەکایە و دیاریکردنی رێگە چارەیەک بۆ جڵەوکردنی کاروبارەکان، ئەرکیلە پێشینەی حکومەت و هێز و لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمە، پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێ دەبێت بە شێوەیەک رێکبخرێتەوە کە گەورەترین و گرنگترین پێداچوونەوەی ئیداری، هەروەها شەفافترین پڕۆژە بێت بۆ حکومەت لە مێژووی حکومڕانیی هەرێمی کوردستاندا.