لەژێر دروشمی نەمامێک بۆ ژیان، سەوزاییەک بۆ ڕاپەڕین مەڵبەند بەشداری لە هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندندا کرد

رانیە – یەکشەممە، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە پێناو بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ژینگەی ڕاپەڕین و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بەشداری لە هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن بۆ زیاتر خزمەتکردن و سەوزکردنی دەڤەری ڕاپەڕین کرد.
لە هەڵمەتەکەدا، کە لەژێر دروشمی نەمامێک بۆ ژیان، سەوزاییەک بۆ ڕاپەڕین لەلایەن بەشەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین و سەرۆکایەتیی شارەوانیی ڕانیە ڕێکخرابوو، بە بەشداریی هەڤاڵ حەبیبە بابان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند، هەڤاڵانی مەڵبەند، ئەنجومەنی پشتیوانی مەڵبەند، لێپرسراوانی کۆمیتەکان، پەرلەمانتاران، قایمقامی قەزای ڕانیە، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و لێپرسراوانی حکومی و ڕێکخراوەیی لە مۆنۆمێنتی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.
لە میانەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و بوژاندنەوەی ژینگەی دەڤەرەکە وێڕای ئەرکێکی فەرمانگەیی، ئەرکێکی باڵای نیشتمانی و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی سەرجەم دامەزراوەکان و هاووڵاتییانە و دەستخۆشی لە لایەنە ڕێکخەرەکان کرد و دووپاتی کردەوە کە مەڵبەند وەک هەمیشە پاڵپشتی سەرەکیی سەرخستنی ئەم جۆرە هەڵمەتە ژینگەیی و هۆشیارییانە دەبێت، بۆ ئەوەی قەڵا سەوزەکەی ڕاپەڕین هەمیشە بە جوانی و سەوزایی بمێنێتەوە.