سەرۆک بافڵ پێشوازی لە وەفدی ئیمراڵی دەکات


شەممە، ١٥ی شوبات ٢٠٢٥ – وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە لە ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی پێکهاتووە، ئەمڕۆ گەیشتە هەرێمی کوردستان و بەیانی دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دەکات.

وەفدەکە کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی، کەسیکن بایندر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، لەگەڵ ئەندامانی فەرمانگەی یاسایی و وتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی پێکهاتووە، لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زاخۆوە هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستان.

بەپێی لێدوانی سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەفدەکە لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەڕێز قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی دیکەی یەکێتی کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەکاندا ئەنجامی دیدارە پێشووەکانی وەفدەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان تاوتوێ دەکرێت و دواتر بۆچوون و پێشنیارەکانی سەرکردایەتی هەرێم وەردەگیرێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە دواتر بگەیەنرێتەوە دوورگەی ئیمراڵی.