سەعدی پیرە: یەكێتی بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان دەوێت


لیژنەی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رەشنوسی پێكهێنانی حكومەتیان تەواو كردووەو وتەبێژی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: “یەكێتی بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان هەڵدەبژێرێت، هەروەها پۆستەكانی حكومەت لەنێوان یەكێتی و پارتی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە”.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كوردسات نیوز رایگەیاند: “كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێدەكەنەوەو ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی باڵاوە لەسەر ناساندنی جیاوازییەكان و پۆستەكان و بەشداری و حوكمڕانی ئامادەكرا كۆتایی هاتووە”.

سەقفی داواكارییەكان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا بگونجێت

وتیشی: “هەرچەندە رەشنووسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادە كراوە، بەڵام پۆستەكانی حكومەت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە”.

وتەبێژی یەكێتی وتیشی: “پێویستە هەردوو لایەنی سیاسی سەقفی داواكارییەكانیان لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا روویانداوە بگونجێت، بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێكی باشتر”.

یەكێتی بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان هەڵدەبژێرێت

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی هاتنی وەفدی ئیمڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان وتی: “پێمان باشە وەفدەكەی ئیمڕاڵی ئەنجامی سەردانەكەیمان بۆ ئیمڕاڵی بۆ باس بكات و هەڵوێستی یەكێتیش هەڵبژاردنی ئاشتییە كەبێگومان لەبژاردەی شەڕ باشترەو هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە رەواو یاساییەكانی كورد لەباكوری كوردستان و كۆتایی هاتنی شەڕ خواستی یەكێتییە، چونكە چەندین دەیەیە شەڕ بەردەوامی هەبووە ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە پڕۆسەی ئاشتی تاقیبكرێتەوە”.

راشیگەیاند: “دەبێت هەوڵی یەكڕیزی لەنێوان كوردانی سوریادا بدەین و دەستوەردان لەكارەكانیاندا نەكەین، چونكە ئەگەر كورد بەهانای خۆیەوە یچێت ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاری دەبێت”