
ئەمڕۆ ١٧-٢-٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.موراد عەبدولسەمەد نوێنەری قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و پ.د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ، یەکەمین دیداری زانستی تایبەت بە ئاسایشی ئەلکترۆنی لەزانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، کە بڕیارە ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت و لەدیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:”تەکنەلۆژیا بەشێکی گرنگی ژیانمانە و پێویستە بۆ بەرگریکردن لەهێرشە ئەلکترۆنییەکان هەنگاوی راستەقین و کۆنکرێتی بنێین”.
د.کۆسار محەمەد: زانکۆمان بەرپرسیارییەتیەکی گەورە و قوڵی لەسەرشانە
لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا پ.د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پاش بەخێرهاتنی میوانان رایگەیاند:” پرسی ئاسایشی ئەلکترۆنی پرسێکی گرنگی نەتەوەییە و پێویستە مەترسییەکانی بە هەند وەربگرین، هەرچەندە هەتا ئێستا ئەو مەترسییانەمان وەک خۆی پەی پێنەبردووە”. راشیگەیاند:” زانکۆمان بەرپرسیارییەتیەکی گەورە و قوڵی لەو بوارەدا لەسەر شانە و پێویستە هەوڵەکانمان بەو ئامانجە بێت، کە لەسەلامەتی ئەلکترۆنی تێبگەین، هاوکات هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانێکی ئابوری ئەلکترۆنییە”.
د.موراد عەبدولسەمەد: ناتوانین پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا پشتگوێ بخەین
هەر لەدیدارەکەدا، د.موراد عەبدولسەمەد نوێنەری قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:” ناتوانین پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا پشتگوێ بخەین، بەپێچەوانەوە دەبێت هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ پاراستنی سیادەی عیراق لەهێرشی ئەلکترۆنی، هەروەها ئەرکمانە دامودەزگاکان بە ئەلکترۆنی بکەین”. ئەوەشی خستەڕوو:” پێویستە ئاڵنگارییە ئەلکترۆنییەکان تێبپەڕێنین بۆ ئەمەش ئەرکی زانکۆکانمانە بەپرۆژە و توێژینەوەی زانستی رێنیشاندەرمان بن، چونکە هیچ جیاوازییەک لەنێوان پارێزگاکانی عیراقدا نابینین و ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی سلێمانیش بەهەنگاوێکی گرنگ بۆ بەرگری لەئاسایشی ئەلکترۆنی دەزانین”.
قوباد تاڵەبانی: ئامانجمان دروستکردنی فەزایەکی دیجیتاڵی بەرپرسیاریەتییە
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدارەکەدا پاش سوپاسی دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و هەوڵەکانی زانکۆی سلێمانی بۆ ئاگادارکردنەوەی هەمووان لەم پرسە گرنگە رایگەیاند:” زانکۆی سلێمانی هەمیشە پێشەنگی پرسە گرنگەکان بووە و ئەم دیدارەش بەپرسێکی گرنگ لەبارەی تەکنەلۆژیاوە دادەنێین، چونکە ژیانمان لەمەترسیدایە، ئەگەر رووبەڕوی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان نەبینەوە”. روونیشیکردەوە:” هێرشە ئەلکترۆنییەکان لەسێبەرەکاندا روودەدەن، بەڵام پێویستە پلانمان هەبیت بۆ رووبەڕوبوونەوەیان و هەنگاوی راستەقینە و کۆنکرێتی بنێین بۆ بەرگریکردن لەئاسایشی نەتەوەیمان، چونکە بواری ئەلکترۆنی لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا بەکاردێت و مەترسیشە، لەم روانگەیەشەوە پێویستمان بەکەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە و دەرفەت بۆ راهێنانیان دەرەخسێنین”. قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند:” ئامانجمان دروستکردنی فەزایەکی دیجیتاڵی بەرپرسیاریەتییە، بۆ ئەمەش هاوپەیمانی راستەقینە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دروستدەکەین، هەرچەندە ئەم پرسە تەنها پرسێکی حکومی نییە و بەرپرسیارییەتی هەمووانە، بەڵام ئەرکی حکومەتە هاوکار و پشتیوان بێت، بۆ بەرگریکردن لە هێرشی ئەلکترۆنی”.
