
لە ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێکدا، جیهان یادی ڕۆژی نێودەوڵەتی زمانی دایک دەکاتەوە، کە دەرفەتێکی بەنرخە بۆ بەرزڕاگرتن و پاراستنی فرەچەشنیی زمانەکانی جیهان.
ئەم ڕۆژە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی لە پشتە، ساڵی ١٩٥٢ کۆمەڵێک خوێندکاری بەنگلادیشی گیانیان بەخت کرد لە پێناو مافی بەکارهێنانی زمانی دایکیان لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان. ساڵی ١٩٩٩، ڕێکخراوی یونسکۆ بە مەبەستی ڕێزگرتن لەو قوربانیانە و پاراستنی مافی زمانیی گەلان، ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دەستنیشان کرد.
زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو شوناس و ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە و ئاوێنەی کەلتوور و فەرهەنگی گەلانە. زمانی کوردی، وەک یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، بە چوار زاراوەی سەرەکی دەناسرێتەوە: زاراوەی کرمانجی باکور کە بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بەهدینانی و زاراوەی ڕۆژئاوا لەخۆ دەگرێت؛ زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست یان سۆرانی کە موکریانی، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی و گەرمیانی دەگرێتەوە؛ زاراوەی کرمانجی خواروو یان لوڕی کە لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسەنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەلهوڕی تێدایە؛ و زاراوەی گۆران کە گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەڵانی و زازای لەخۆ گرتووە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عیراق، زمانی کوردی توانی جێگە و پێگەی خۆی وەک زمانێکی فەرمی لە دەستووری عێراقدا بگرێت، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی شوناسی کوردی.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو کوردزمانان و نەتەوەکانی جیهان دەکەین، بە هیوای ئەوەی کە هەموو زمانەکانی جیهان بتوانن بە ئازادی گەشە بکەن و بپارێزرێن.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
