
Raparin24.com
٢٠ شوباتی ٢٠٢٥
لە هەنگاوێکی مێژووییدا، شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عیراق یەکەم ناوەندی نێودەوڵەتی دارایی و بازرگانی لە مێژووی عیراق و هەرێمی کوردستاندا کردەوە. ئەم ناوەندە کە لەسەر شێوازی ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکانی نیویۆرک، قەتەر و دوبەی دروستکراوە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە.
ناوەندەکە خاوەنی چەندین تایبەتمەندی گرنگە، لەوانە:
• سیستەمێکی یاسایی تایبەت کە ڕێگە بە بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەدات بە ئاسانی لق بکەنەوە، ئەمەش بەپێی یاساکانی حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و هەرێمی کوردستان.
• ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئابووری و دارایی و پەیمانگەیەکی ڕاهێنانی پیشەیی کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی کارمەندانی کەرتی دارایی.
• سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی کە ئاسانکاری دەکات بۆ مامەڵەی نێودەوڵەتی کۆمپانیاکان و هاوڵاتیان.
پسپۆڕانی ئابووری، دەڵێن کردنەوەی ناوەندەکە دەبێتە هۆی:
– ڕاکێشانی سەرمایەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی
– دروستکردنی هەلی کاری نوێ
– کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری
– بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئابووری کوردستان و بازاڕە جیهانییەکان
ئەم هەنگاوە ستراتیژییە، کە پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەستێت، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەرزکردنەوەی پێگەی شاری سلێمانی وەک ناوەندێکی دارایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
