
ڕانیە – ڕاپەرین24
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە تەنها ئەو هاوڵاتییانەی کارتی نیشتمانییان هەیە دەتوانن سوود لە سیستەمی نوێی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراک وەربگرن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاپەرین24 ڕوونیکردەوە کە کۆبۆنە ئەلیکترۆنییەکە لەگەڵ کۆدی کارتی نیشتمانی بەستراوەتەوە. “بەبێ کارتی نیشتمانی، هاوڵاتییان ناتوانن لە سیستەمەکەدا تۆمار بکرێن و بەشە خۆراکی مانگانە وەربگرن،” شێخ کامیل وتی.
بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە لە سیستەمی نوێی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراک. ئەم ژمارەیە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس دەگرێتەوە کە دەتوانن سوودمەند بن لەم خزمەتگوزارییە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی دابەشکردنی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی باشترکردنی میکانیزمی دابەشکردن و ڕێکخستنی وردتری پرۆسەکەیە.
