قوباد تاڵەبانى لە کۆنفرانسى دووەمى مید رایگەیاند: ناتوانین بەبێ داتا بڕیاری دروست بدەین


بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی دووەمین كۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی بە ناونیشانی (سیاسەت و بەڕێوەبردنی داتا بۆ پێشكەوتنی بەردەوام) لەسلێمانی دەستیپێكردو لەوتاری سەرەكی كۆنفرانسەكەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: “بەدڵنیاییەوە بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست بدەین و كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆیە كێ داتای زیاتری هەبێت، ئەو براوەترە”.

ئەمڕۆ یەك شەممە 23ی شوباتی 2025، بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و لێپرسراوانی حكومی میوانانی بیانی و سەرمایەداران، دووەمین كۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی بە ناونیشانی (سیاسەت و بەڕێوەبردنی داتا بۆ پێشكەوتنی بەردەوام) لەهۆڵی بناغەی كارگەی كولتووریی سلێمانی دەستیپێكردو قوباد تاڵەبانی وتاری سەرەكی كۆنفرانسەكەی پیشكەشكردو رایگەیاند: “لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی لێم دەگیرێت و دەڵێن سەرباری قەیران و كێشەكان سەرقاڵی بابەتی لاوەكیت، منیش دەڵێم: “ئێمە هێشتا بەجددی لەگرنگی داتا تێنەگەیشتووین، بۆیە لە دانانی داتادا دواكەوتووین و بەدڵنیاییەوە بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست بدەین و كێشە بنەڕەتییەكان چارەسەر بكەین”.

راشیگەیاند: “بەبێ بوونی داتای دروست حكومڕانی رەشید بوونی نییەو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و كەرتەكانی دیكەش پێشناكەون، بۆیە كێ داتای زیاتری هەبێت، ئەو براوەترە”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەدرێژەی وتارەكەیدا وتیشی: “پێویستە كار لەسەر یاسای پاراستنی داتا بكەین و گرنگی بە سیاسەت و بەڕێوەبردنی داتا بۆ پێشكەوتنی بەردەوام بدەین”.