
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی وڵات کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
هەر لە دیدارەکەدا پەیوەست بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق هەردوولا پەرۆشانە دووپاتیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتنەکان کردەوە. لەورووەوە سەرۆک بافڵ بەڕێزەوە رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆککۆماری بەرز نرخاند بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی لە بەرژەوەندی سەقامگیری وڵاتدا و روونیکردەوە یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ململانێ سیاسییەکان کە خۆشبەختانە لەم هەنگاوەشدا سەرکەوتوو بووین.
پەیوەست بە قەیرانی ناوچەیی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد کرا و د.لەتیف جەمال رەشید پەرۆشانە رایگەیاند عیراق پشتگیری لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانە بێت بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لەشەڕ و ئاڵۆزی.
