
هاونیشتمانیانی خۆشەویست،
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
بە سڵاوی گەرمی ڕێی خەباتەوە، پیرۆزبایی ٣٤ ساڵە یادی ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ـتان لێدەکەین. لەم ڕۆژە مێژووییەدا درود و سڵاو بۆ ڕۆحی ڕابەری مەزنی گەلەکەمان سەرۆک “مام جەلال” دەنێرین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شۆڕش و ڕاپەڕین و پارێزگاری لە دەستکەتەکان و کەسوکارە سەربەرزەکەیان دادەنەوێنین. ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامبوانی سەنگەر، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، کۆی چین و توێژەکان و گوندنشینانی کوردستان بەتایبەتی، بەرز و پیرۆز دەنرخێنین کە بە خۆڕاگری و قوربانیدانیان، شکۆی سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینیان نەخشاند و بوونە هێمای بەرخۆدان و سەرفرازی نەتەوەیی و نیشتمانی.
ڕانیە، دەروازەی سەرهەڵدان و بەرخۆدان
ئەوێڕۆژێ ڕانیەی شۆڕش و دەروازەی ڕاپەڕین، چۆن بوو بە هێمای خۆڕاگری و یەکگرتوویی گەلەکەمان و پڕشنگدانی ئازادی، ئەمڕۆش سەرمەشقی خەبات و یەکڕیزییە. ڕاپەڕین، زادەی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو. یەکێتی و سکرتێرە جاویدانەکەی توانیان هەموو لایەنەکان بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ ڕاپەڕینی سەرتاسەری دەستپێبکات.
سیمبول و خۆڕاگری و قوربانیدان
یەکەم بانگەوازی “دەنگی گەلی کوردستان” هەمووانی جۆشداو شەقامەکانی بەڕووی داگیرکاری و ستەمکاری بەعسدا خرۆشاند. سیمبولی ڕاپەڕین شەهید “عەلی نەبی و هاوڕێکانی لەگەڵ پاڵەوانانی ڕاپەڕین شەهیدان ئەرسەلانی کاکە هەمزە، سمایل وەرتی” ئەو زەماوەندە لە گڕو کڵپەیە بوون کە کەرنەڤاڵی ڕابوونی مەزن، دەزگە و دامەزراوە سەرکوتکارەکانی بەعسی بەسەریەکدا خست و وەرچەرخانێکی مێژوویی بەدوای خۆیدا هێنا.
گەشەپێدان و دادپەروەری
لە مینبەری ئەم یادە مەزنەدا، دامەزراندنی ناوەندی تواناسازی گەنجان و پێشخستنی کەرتەکانی “پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، ڕێگەوبان و گەشتیاری دەڤەرەکەمان، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراندنی لیژنەی چاودێری جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە گرنگ و تێکۆشانی لەپێشینە دەزانین و جەخت دەکەینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پلانی گشتگیری بۆ گەشەپێدانی ئیداری و خزمەتگوزاری ڕاپەڕین هەیە.
دەڤەری ڕاپەڕین، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر
ڕانیە، پشدەر و بیتوێن و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە گشتی، لە ٣٤ ساڵی ڕابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمڕۆش بە پشتیوانی و چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک ‘بافڵ جەلال تاڵەبانی’ و بەڕێز ‘قوباد تاڵەبانی’، قۆناغێکی نوێ لە خزمەتکردن بەڕێوەیە، کە بەشداری ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی بڕیارداندا، لە کابینەی نوێی حکومەت ئامانجییەتی و بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ دەکات.
بانگەوازی یەکڕیزی و پێکەوەژیان
لەم یادە پیرۆزەدا، وێڕای دووبارە پیرۆزبایی، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی بپارێزن و کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن. با هەموومان پێکەوە، بە گیانی ڕاپەڕین، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین بۆ بەدیهێنانی خەونە وەدینەهاتووەکانی شەهیدان.
درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سڵاو لە تێکۆشەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی کۆڕی خەبات و بەرخودانی نیشتمانی.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
