
کاتژمێر ٩:٠٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ئازاری ٢٠٢٥ بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی چرکەساتی یەکەم دەستڕێژی دەستپێکی ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ساڵی ١٩٩۱ لە مەڕاسیمێکدا کە بە ئامادەبوونی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، حکومەتی خۆجێیی ڕاپەڕین، فەرماندە قارەمانەکانی هێزی پێشمەرگە و پەرلەمانتاران و جەماوەرێکی بەفراوانی ڕانیە و دەڤەرەکە بەگشتی، لە بەردەم پەیکەری (سەرکەوتن – مزگەوتی ناجییەخان) ٣٤ ساڵە یادی ئەو ساتە مێژووییە وەرچەرخێنەرە بەڕێوەچوو.
لە میانەی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمەکەدا هەڤاڵ جەزا سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، لە وتەیەکدا وێڕای سڵاوی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕانیەی دەروازە و کەسوکاری سەربەزی شەهیدان و خەڵکی تێکۆشەری دەڤەرەکە بەگشتی، ٣٤ ساڵە یادی ڕاپەڕینی بەرز و پیرۆز نرخاند و جەختی لە خزمەتکردنی باشتری رانیە و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری ئیدارەی ڕاپەڕین کردەوە.









