
سوپاسنامەیەک لە سەرپەرشتیاری مەڵبەندەوە
بە ناوی خۆمان و هەڤاڵانمان لە ئەنجومەنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و کۆمیتەکانی ڕێکخستنی سنوری مەڵبەندەوە، پێزانینی قووڵ و نەبڕاوەی خۆمان بۆ ئامادەبوونی پڕشکۆتان لە مەڕاسیم و چالاکییەکانی ٣٤ ساڵەی یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ ئاڕاستەی هەمووتان دەکەین. ئەو ڕاپەڕینە مێژووییەی کە پێنجی مانگی سێی ئەو ساڵە، لە ڕانیەی دەروازەوە، دەستیپێکرد و سەرتاسەری کوردستانی ڕزگار کرد. لێرەشەوە سەری ڕێز و وەفاداری بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و کەسوکارە سەربەرزەکەیان دادەنەوێنین.
بەشداری دڵسۆزانە و چالاکانەی هەموو چین و توێژەکان – لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و سەرکردە و تێکۆشەرەکان، فەرماندە قارەمانەکانی هێزی پێشمەرگە و تیمی یەکێتیی لە حکومەتی خۆجێی ڕاپەڕین، تا دەگاتە پەرلەمانتاران، کۆمەڵەکانی پێشمەرگە، کەمئەندامبووانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ڕێکخستنە دێرینەکان، زانایانی ئاینی، ژنان، مامۆستایان، گەنجان و لاوان و خوێندکاران، وەرزشکاران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، موختارەکان، میدیا و میدیاکاران و سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان – تەنها بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوە کارکردن نەبوو، بەڵکو دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە یاد و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان تەنها سەیرکردنی ڕابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی داهاتووشە.
بێگومان، هیچ نەتەوەیەک بەبێ هەستێکی بەهێزی شانازی بە مێژووی خۆی نابێتە خاوەنی داهاتوویەکی بەهێز. میراتی خۆڕاگری و بەرەنگاری میللەتەکەمان دەبێت بکرێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر و باشتر بۆ هەموو لایەک.
سڵاو لە سیمبول و پاڵەوانان و جەماوەری ڕاپەڕیوو
دورود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
دووبارە سوپاس و پێزانین بۆ گشت لایەکتان.
جەزا سەید مەجید
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و
سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
