
لە سەرکەوتنێکی مێژوویی و شکۆداردا، یانەی وەرزشی قەڵادزێ بوو بە پاڵەوانێتی خولی پلە یەکی کوردستان و بەمەش پێدەنێتە خولی نایابی کوردستان. ئەم دەستکەوتە گرنگە ئەنجامی ماندووبوون و پشوودرێژی و هەوڵی بەردەوامی سەرۆک، ستافی کارگێڕی، ڕاهێنەران، یاریزانان و هاندەرانی وەفاداری یانەکەیە.
ئەم سەرکەوتنە تەنها سەرکەوتنی یانەیەک نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو وەرزشەوانان و خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و شاری خۆڕاگری قەڵادزێیە. بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، ئێستا سێ لە پێنج یانەی دەڤەری ڕاپەڕین ” رانیە – چوارقوڕنە – قەڵادزێ” لە ئاستی نایابی کوردستاندا یاری دەکەن، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر پێشکەوتنی بەردەوامی وەرزش لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، وێڕای پێشکەشکردنی گەرمترین پیرۆزبایی، پشتیوانی و هاوکاری خۆی بۆ یانەی وەرزشی قەڵادزێ و سەرجەم یانەکانی دەڤەرەکە دووپات دەکاتەوە. بە بڕوای ئێمە، ئەم یەکڕیزی و هەوڵە بەردەوامانەی گەنجانی دەڤەرەکەمان دەتوانێت لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت و ناوبانگی ڕاپەڕین لە بواری وەرزشیدا بەرزتر بکاتەوە.
جارێکی تر پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بە هەموو ئەوانە دەکەین کە بەشداربوون لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورە و گرنگەدا، هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ هەموو ئەو هاندەران کە هەمیشە پشتیوانی یانەکە بوون و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردن.
بەرەو سەرکەوتنی زیاتر و بەرزتر
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
