
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ نەورۆز و راپەڕینی كەركوك، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: “هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا هەموان بەڕۆحێكی كوردانەوە یەكدەنگ و یەكڕیزبین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار لەخزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵك”.
دوقی پەیامەكە:
پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی بۆ نەورۆز و راپەڕینی كەركوك
بە بۆنەی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردییەوە كە هاوكاتە لەگەڵ یادی 34 ساڵەی سەركەوتنی راپەرین و رزگاركردنی شاری كەركوكی قودسی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و نەتەوەی كورد لەسەرتاسەری جیهان دەكەین.
لە مێژووی گەلانی نەورۆزخوازدا نەورۆز جەژنێكی دێرینی نوێبوونەوەی سروشتەو لەناو گەلی كوردیشدا رەمزی تێكۆشانی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەیە.
هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا هەموان بەڕۆحێكی كوردانەوە یەكدەنگ و یەكڕیزبین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار لەخزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان.
نەورۆزتان پیرۆز و بەهاری رزگاری یەكجارەكیتان بێتە دی
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
