قوباد تاڵەبانی: سلێمانی دەکەینە پایتەختی داهێنان و کارسازی


بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی، لە شاری سلێمانی، کارگەی کولتوور دەستیپێکردو لە وتەیەکیدا رایگەیاند: ” پێویستمان بە گەنج و داهێنەر و وەبەرهێنەر و سیاسیەکانمان هەیە هەتا بتوانین سلێمانی بکەینە پایتەختی داهێنان و کارسازی و ناوەندێکی بازرگانی”.

لەسەرەتای کۆڕبەندەکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کردوو رایگەیاند: “سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵام ئێمە ئەمانەوێت بیکەین بە پایتەختی داهێنان و کارسازی نەک تەنها بۆ هەرێم، بۆ عیراق و ناوچەکەش، هەموو کارێکیش لەهەنگاوێکی بچوکەوە دەستپێدەکات، وەک چۆن یەکەمین کۆڕبەندمان سەرکەوتووبوو، لەم کۆڕبەندەوە سلێمانی دەکەینە ناوەندێکی بازرگانی”.

“پێویستمان بە گەنج و داهێنەر و وەبەرهێنەر و سیاسیەکانمان هەیە کە باوەڕیان بەخۆیان بێت و ببنە سەرە ڕمی بەرەو گۆڕانکاری، بێ داهێنان پێشکەوتنمان نابێت، داهێنان داینەمۆی ئابورییە و لەکاتێکدا هەموو پێداویستیەکانمان هەیە بۆ بەرەوپێشچون و داهێنان، بۆیە نابێت بۆ هەمیشە چاومان لە وڵاتانی ئەوروپی بێت، ئەبێت هەموو رۆژێک بیر لەوە بکەینەوە سبەینێمان لە دوێنێ باشتر بێت، بەبەردەوامی ئەم کۆڕبەندانە سلێمانی دەکەینە ناوەندی داهێنان و کارسازی و پێشکەوتن بۆ هەموو ناوچەکە”، قوباد تاڵەبانی وای وت.

بەداهێنان توانیمان پرۆژەی بایۆمەتری بکەین

راشیگەیاند: “بەداهێنان توانیمان پرۆژەی بایۆمەتری بکەین و لەکاتێکدا کەداوای لیستی مووچە و داتای فەرمانبەرانمان دەکرد و نەبوو، ئێمە دروستمان کرد و ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین، بەهۆی سیستمی بایۆمەتریەوەیە کەئەمڕۆ حکومەتی عیراق مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و بڕوای بە لیستی مووچەمان هەیە، هاوکات حوکمڕانی دروست و هەمەجۆرکردنی ئابوری و شۆڕشی داتا و گەشەپێدانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پێشکەوتن لە بواری دیبلۆماسی پێویستی بە داهێنانە”.

“ئێوە دەپرسن چیمان بۆ دەکەن، ئێمەش دەڵێین جەوێکی لەبارتان بۆ دروست دەکەین کە خەونەکانتان ببن بە ڕاستی، رێنماییەکان دەگۆڕین تاکو نەبنە بەربەست لەبەدیهێنانی خەونەکانتان، بەرهەمەکانتان دەپارێزین و بەردەوامیش دەبین لەسەر راستکردنەوەی رێڕەوی چاکسازی حوکمڕانی، بۆهەموو ئەمانەش میلەتێکی بەتوانا و ژێرخانێکی بەهێز و میراتێکی قوڵ و مێژویەکی پڕ شانازیمان هەیە”، جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.

ئامانجی ئەم کۆڕبەندە کۆکردنەوەی ئەقڵی باش و بیرۆکەی باشە

لەکۆتایی وتەکانیشیدا: “ئامانجی سەرەکی ئەم کۆڕبەندە کۆکردنەوەی ئەقڵی باش و بیرۆکەی باش و کەسانی بەتوانا و نیشتمانپەروەرە، کە بتوانین داهێنان بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی دەرەکی و توانای ناوخۆیی گۆڕانکاری ئەنجام بدەین، دەشبێت ئاگاداری خراپ بەکارنەهێنانی سەرجەم داهێنانەکان بین بۆ ئەوەی کارەساتی لێنەکەوێتەوە”.

ئامانج لەكۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی، خستەڕووی كێشەكان و چارەسەری داهێنەرانەیە، بەسوود وەرگرتن لەو داهێنانانەی كە لەلایەن گەنجانەوە دەخرێنەڕوو، لەهەمانكاتدا، جگە لەسوودی گشتی، كەسی داهێنەر سوود لەپڕۆژەكە لێوەردەگرێت پڕۆژەكەی دەبێتە راستی و كاری پێدەكرێت و خاوەن بیرۆكەكە دەبێتە خاوەنی پڕۆژەكە.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 25ی1ی2024 بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستان و عیراق یەکەمین كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی بە بەشداری 300 میوانی تایبەت و كونسوڵی وڵاتان و خاوەنكارو وەبەرهێن، لەسلێمانی بەڕێوەچوو لە كۆڕبەندەكەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: “خۆشحاڵم لە سلێمانی كۆبووینەتەوە، چونكە ئەم شارە هەمیشە پێشەنگی داهێنان و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بووە”.