
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە (12/4/2025) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران:
لەگەڵ وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و چۆنییەتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عێراق.
روونیشمان کردەوە هەموو هەوڵێکمان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و یەکگرتووە کە لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکدابێت و بشتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەکەدا ئاسایش و سەقامگیری کوردستان بە باشی بپارێزێت.
باسمان لەوەکرد کە حکومەتی هەرێم گەشبینە و هەوڵ دەدات لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکرێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
لەبارەی گازیشەوە جەختمان کردەوە لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتمان بەکارهێنانی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و هەروەها دابینکردنی گازی پێویستە بۆ ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان.




