مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین: تاوانی ئەنفال، ئازارێکی بێکۆتاییە.


سی و حەوت ساڵ لەمەوبەر، کوردستان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانی ئەنفال بۆوە، کە ئامانج لێی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو لەسەر زێدی باو و باپیرانی خۆی.

ئەم تاوانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی بێدیفاعی گوند و دێهاتی دەڤەرەکەمان و کوردستان بەگشتی کرا، ئازارێکە بێ کۆتاییە لە دڵ و دەروونی هەمواندا و هەرگیز لەبیرچوونەوەی بۆ نییە. لە چەند مانگێکی کەمدا ١٨٢ هەزار مرۆڤی کورد لە پیر و گەنج و منداڵ لە هەردوو ڕەگەز بە دڕندانەترین شێوە زیندە بەچاڵ کران و دەیان هەزاری تریش ڕووبەڕووی ژیانی کولەمەرگی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان کرانەوە.

لەم یادە پڕ لە سوێیەدا، جارێکی تر تەئکید دەکەینەوە ئەرکی هەموانە لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بە هۆی تاوانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها ژیانێکی سەربەرزانە بۆ کەسوکاری شەهیدان و بێسەروشوێن بووەکانی جینۆسایدی میللەتەکەمان دابین بکرێت.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسیارێتی پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵییشە ئەرکە مرۆیی و دەستوورییەکانی خۆیان باشتر جێبەجێ بکەن بۆ سارێژبوونی یەکجارەکی زامەکانی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.

درود بۆ شەهیدانی ئەنفال و سڵاو بۆ خۆڕاگریی کەسوکار و یادگاری شیرینیان.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین