قوباد تاڵەبانی: تاوانی ئەنفال، هاوئاستی تاوانەکانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە تاوانە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە


نیشتمانی ئێمە بە درێژایی مێژوو گەلێک زام و ئازاری بینیوە، هەر رۆژەی لەلایەکەوە زامار بووە، بەڵام هیچ زام و برینێکیان وەک برینی ئەنفال قوڵ و بە ئازار نەبووە. ئەم برینەش ساڕێژ نابێت تا ئەو کاتەی کورد دڵنیا دەبێت کە هەرگیز جارێکی دیکە کۆمەڵکوژ ناکرێتەوە، ساڕێژ نابێت تا ئەو کاتەی روفاتی دواین ئەنفالکراو بە زێدەکەی شاد دەبێتەوە.

تاوانی ئەنفال، هاوئاستی تاوانەکانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە تاوانە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. هەربۆیە دەبێت نەوە لە دوای نەوە بە یەک بە یەکی چیرۆکەکانی ئەنفال ئاشنا بکرێن، چونکە ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانیتر بەشێکن لە ناسنامەی مێژوویی ئێمە.
لەم یادەدا سڵاودەنێرین بۆ روحی پاکی شەهیدەکانمان و سەری رێزیش لە ئاستی کەسوکاری ئەنفالکراوان دادەنوێنین.
قوباد جەلال تاڵەبانی:
جێگری سەرۆكی حكومەت