قوباد تاڵەبانی: لەئەمڕۆوە قۆناغێكی نوێ لە مێژوو هەڵەبجە دەنووسرێتەوە


بەبۆنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: “ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان و لە ئەمڕۆوە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی شارەكەیان دەنووسنەوە، پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە كوردستان”.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە كوردستان

ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان.

لە ئەمڕۆكەوە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی شارەكەیان دەنووسنەوە.

دوای زیاتر لە دە ساڵ هەوڵی بەردەوامی حكومەتی هەرێم و لایەنە كوردستانییەكان بە هەموو فراكسیۆنەكانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند كرد. لێرەوە سوپاسی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەكەم كە دەنگیان بە پڕۆژە یاساكە داوە. هەروەها سوپاسی تایبەتی فراكسیۆنی یەكێتی و هەموو فراكسیۆن و لایەنە كوردستانییەكانی دیكە دەكەم كە لە هیچ هەوڵێك درێخییان نەكرد بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەم داواكارییەی خەڵكی هەڵەبجەی ئازیز.

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ هەڵەبجەییەكان و دانیشتووانی ئەم پارێزگا نوێ و خنجیلانەیەی كوردستان و عێراق شیرینتر دەبێت ئەگەر بێتو لێرە بە دواوە هەموو لایەكمان پێكەوە كاربكەین بۆ خێراتركردنی پرۆسەی گەشەپێدانی هەڵەبجە. پێویستە حكومەتی هەرێم و نوێنەرەكانمان لە بەغدا پێكەوە هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ سەرپێخستن و گەشەپێدانی ئەم پارێزگایە نوێیەمان دابین بكەین.

لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم و جارێكیتریش سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ماندووبوون لە بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە.