دووەمین دیداری گشتی یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد

دووەمین دیداری گشتی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی وبەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستیپێکرد.


سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد.

د.یوسف گۆران سكرتێری لیژنه‌ی باڵای دووه‌مین دیداری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتەی دەستپیکی دیداردا رایگەیاند: “پاش بەستنی 9 کۆنفرانس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و بەشداریکردنی زیاتر لە 12 هەزار و 500 ئەندام و لایەنگری یەکێتی ئەمڕۆ لە شاری شاران گەیشتینە دیداری گشتی یەکێتی و دووەمین دیدار بەڕێوەدەبەین، بەناوی ئەندامانی لیژنەی باڵای دیدارەوە بەخێرهاتنتان دەکەین”.

“زۆر قسەو گفتوگۆ لەسەر دەرئەنجامی دیداری پێشوو خرایەروو، ئەمڕۆ هەندێک لە دەرئەنجامەکان باس دەکەین، لە دیداری یەکەم 468 پرۆژەو پێشنیار پاش رێکخستن و یەکخستنی لامان گەڵالە بوو، لەنێوانیاندا زیاتر لە 60٪ی پێشنیارەکان جێبەجێکراوەو ئەوەی ماوەتەوە کاری لەسەر دەکرێت، هیوادارم دیداری دووەم پێشنیار و پرۆژەی زیاتری بۆ بەهێزتر کردن و رێکخستنەوەی یەکێتی هەبێت، لەم دیدارەدا زیاتر لە 547 پرۆژە و پیشنیار و راسپاردە کۆکراونەتەوەو هیوادارین لەم دوو رۆژەدا فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکرێت”، د. یوسف گۆران وادەڵێت.

وتیشی: “بەناوی لیژنەی باڵای دیدارەوە دڵنیاتان دەکەینەوە کە بیرۆکە و پێشنیاری ئەمڕۆتان دوای پەسەندکردنیان لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە دەکەینە بەردی بناغەی سیاسەتی گشتیمان لە چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێمەکەمان، دەشبێتە بەرنامەیەکی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و بەهێزکردنی رەوتی کوردستانیبون و پەیوەندی لەگەڵ کوردستانیانی سەرجەم ناوچەکە و جیهان”.

دواتر قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە وتەیەکیدا رایگەیاند: “لەدیداری پێشوو هەر لێرەوە پێم وتن کە یەکێتی حزبێکە بە ئاسانی لاواز ناکرێت، کاتی بەستنی دیداری یەکەم کاتێکی زۆر هەستیار بوو بۆ یەکێتی، رووبەرووی چەندین تەحەدی ناوخۆیی و دەرەکی ببوینەوە، کەس پێی وانەبوو بتوانین لەو کاتەدا و بەهەبوونی ئەو هەموو کادرە و 13 لیژنە دیدار بەڕێوەببەین و تاوتوێی هەموو پرسە گرنگ و هەنوکەییەکانی ناو یەکێتی و هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام کردمان و کردتان، لەو دیدارە راسپاردەکان پێشکەشکران و لەنێوان دیداری یەکەم و دووەم کۆنگرەیەکی سەرکەوتومان بەست و تێیدا کاک بافڵ وەک سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا و بەڵێنیدا یەکێتی یەک بخاتەوەو کێشەکانی یەکێتی چاک بکات و هەموو هەوڵی بخاتەگەڕ بۆ سەرخستنی یەکێتی و جێبەجێشیکرد، لێرەوە دەبێت سوپاسی بکەین بۆ هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و پێگەی یەکێتی، لەدوای ئەو دیداری یەکەمیش دوو هەڵبژاردنی سەرکەوتومان ئەنجامدا و دەنگ و کورسیمان زیادی کرد و پێگەی یەکێتیمان گەڕاندەوە، کەچەنەدین بەڵێن درا و هەندێکیان جێبەجێکراون و لەپەرلەمانی کوردستان هیچ حزێک ناتوانێ 50+1 پێکبهێنێت و هاوسەنگی هێزمان رێکخستەوە، ئێستا لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتین و ئەو هێزە وای لەیەکێتی کردووە بەهێزی خۆیەوە بەشداری هەموو دانوستانەکان بێت و ببێتە هیوا بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان “.

“ئەم دیدارە لەکاتێکی زۆر گونجاودا دەبەسترێت، داواتان لێدەکەین سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەکان و ئامادەکردنی رەشنوسەکان، لەم دوو رۆژەدا ئەبێت هەموو ئەو بابەتانە جێبەجێ بکەین تاکوو یەکێتی ببێتە خاوەن روئیایەک سیاسەت و هەیکەلیەت و نوێنەرایەتی خۆی و پەیمانی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نوێ بکاتەوە، لە چوارچێوەی دەرئەنجامی دیداری یەکێتی سیاسەتێکی هەبێت کە بتوانێت بیچەسپێنێت لەناو حکومەتی داهاتوو، بەو سیاسەتەوە بچێتەوە ناو جەماوەری خۆی لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتوودا”، قوباد تاڵەبانی وای وت.

دەشڵێت: “یەکێتی حزبێکی زیندوەو سەلماندویەتی و کۆبونەوەی ئێوەش لێرە دووبارە ئەیسەلمێنێتەوە، بەشێکی زۆرتان چەندین ساڵ ئەتانناڵاند بەدەست ململانێکانی کەلە سەرەوە هەبوون، هەمووتان ئەتانوت ئێوە لەسەرەوە چاک بن ئێمە لە خوارەوە کێشەمان نییە، ئێمەش بە قسەمان کردن و ئێستا لەسەرەوە چاکین، بەڵام لەخوارەوە کێشە هەیە، بۆیە لێرەدا رەخنە دەگرین و پەنجە دەخەینە سەر کێشەکان، پێشنیار پێشکەش دەکەین تا ببێتە راسپاردە و بتوانین جێبەجێی بکەین، هیوادارم لەم دوو رۆژەدا دەرفەت وەربگرن و بەشداری هەموو پانیڵەکان بکەن، رای خۆتان بڵێن چونکە گرنگە بۆ داڕشتنی سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاکو ئەو سەرکردایەتییە بەهێزەی ئەمڕۆ بەهێز و کاریزمای کاک بافڵەوە جێبەجێی بکات”.