قەڵادزێ، قوربانی تاوانی جەنگە و پێویستە حکومەتی عیراق قەرەبووی بکاتەوە

لە یادی پەنجا و یەک ساڵەی بۆردومانی قەڵادزێ و چل و سێ ساڵەی راپەڕینە مێژووییەکەیدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەم بانگەوازە پڕ لە هیوایە، یادی قوربانیان دەکاتەوە و پەیمانی بەردەوامی بۆ خزمەتی شارەکە و خەڵکەکەی نوێ دەکاتەوە.


دەقی پەیامەکە
“یەکێتی، چۆن لەبەرامبەر زەبر و زەنگی ڕژێمدا پشتی نەکردە قەڵادزێ و خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆش ئاوا بەهەگبەی ئاوەدانی زیاتر و دەستی پڕ لەپڕۆژەوە، درود بۆ شەهیدەکانی شار دەنێرێ و سڵاوی بوژانەوە لەخەڵکە خۆڕاگرەکەی دەکات.”
پەنجا و یەک ساڵ بەسەر ئەو رۆژە رەشەدا تێدەپەڕێ کە فڕۆکە مەرگچێنەکانی رژێمی بەعس شاری قەڵادزێیان ناپاڵم باران کرد، بەڵام زامەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە هێشتان خوێنیان لێدەتکێت و ساڕێژ نەبوون. رۆژی ٢٤/٤/١٩٧٤، قەڵادزێ کە لەو کاتەدا میوانداری زانکۆی سلێمانیشی کرد بوو، لە دڕندانەترین هێرشی ئاسمانیدا کرایە ئامانج. ئەنجامەکەی سەدان شەهید و بریندار لە خەڵکی مەدەنی، ژن و منداڵ، مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ بوون، لەگەڵ وێرانبوونی سەنتەری شارەکە. ئەم تاوانە گەورەیە کە لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە چەکی قەدەغەکراو ئەنجامدرا، نەک هەر تەنها سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد بوو، بەڵکو هەرەسی شۆڕشیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڵام قەڵادزێییە خۆڕاگرەکان، ئەم ستەمەیان بێ وەڵام نەهێشتەوە. هەشت ساڵ دواتر، لە هەمان رۆژدا – ٢٤/٤/١٩٨٢، بە رێبەرایەتی و پشتیوانی راستەوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، راپەڕینێکی مەزنیان دژی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێم بەرپا کرد. نەعرەتەی پێکەوە گرێدانی خەباتی شاخ و شاریان بەرز کردەوە و بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە زیاتر بەسەر ئەم کارەساتەدا، جێگەی داخە هێشتا حکومەتی ئێستای عیراق، میراتگری رژێمی پێشوو، هیچ هەنگاوێکی جیددی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قەڵادزێ و خەڵکەکەی. بەهۆی خەمساردی ناوەندە پەیوەندیدارەکان و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی خێڵگەرایی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، گەیشتن بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان نەگەیشتووەتە ئاکام، ئەرکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دۆسییەی ئاوەدانی قەڵادزێ و قەزای پشدەر لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدانی نیشتمانی عیراقیدا بکاتە ئەولەویەت بۆ کار لەسەر کردن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ بە گروتینێکی نوێ و بە هەگبەیەک پڕ لە پرۆژەی ئاوەدانی، دێتەوە ناو ئەم یادەوەرییە پڕ لە ئازارە. یەکێتی، هەروەک چۆن لە رۆژانی سەختدا پشتی نەکردە خەڵکی قەڵادزێ و تەنهای نەکردن، ئەمڕۆش دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام بێت لە پشتیوانی و خزمەتکردنی شارەکە و دانیشتوانەکەی.
لەم یادەوەرییە مێژووییەدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی راپەڕین دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان دەنێرێت، سڵاو لە خەڵکە خۆڕاگرەکەی قەڵادزێ و قەزای پشدەر دەکات، ستایشی سەرمەشقی راپەڕیوانی هەشتاکان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە هەوڵی بێوچان دەدات بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتری قەڵادزێ و قەزای پشدەر بەگشتی.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین