
بەڕێزان / هەڤاڵانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
لە 49ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەکەتان “کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان”، زۆر بە گەرمی پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەنج و خوێندکارانە دەکەین کە لە ڕیزەکانتاندا بەهیواوە بۆ داهاتوویەکی گەش تێدەکۆشن بۆ ئەوەی ببنە نەوەیەکی سوودبەخش بۆ پێشخستنی کوردەواری و هەرێمەکەمان.
خوێندکاران و گەنجان سەرمایەیەکی بەهاداری گەلەکەمانن، پشتیوان بە سەرۆک “بافڵ جەلال تاڵەبانی” و یەکێتییەکەتان “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناو دەستەبەری هەرچی زیاتری مافە پیشەیی و مەدەنی و دیموکراسییەکانتان، دەرفەتی کار و خزمەتی ناوازەترتان لە ڕێ و لەبەردەمدایە، تا چالاکانەتر بەشداربن لە گەشەپێدانی زیاتری وڵاتەکەمان.
ئێمە هەمیشە بەدیدێکی نوێوە لە رۆڵی خوێندکاران و گەنجەکانمان دەڕوانین و باوەڕمان بە توانا و لێهاتوویی و کارامەیتان هەیە، هەوڵەکان بۆ هێنانە پێشەوەی گەنجان و خوێندکاران لە تەواوی کایەکاندا بەشێکە لە ستراتیجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، میرات و ڕاسپاردەی شێوە خەباتی سەرۆک “مام جەلال”ـە و یەکێتی، خەمخۆری پێشخستنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەمێنێتەوە، هەر بۆیە چاوی لە هەنگاوە بە بڕشتە ڕێکخراوەییەکانتانە تا پێکەوە سیستمێک بنیادبنێین کە گەنجەکانمان بە ئومێدەوە بۆ داهاتوویەکی گەش هەوڵبدەن، مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیوانتان دەمێنێتەوە.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
٢٦ / ٤/ ٢٠٢٥
