
ئەرسەلان مەحمود
دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دواکەوتنی کابینەی دەیەم چیتر ناتوانرێت وەک گرفتێکی تەکنیکیی دابەشکردنی پۆست بخوێنرێتەوە. ئەوەی ئەم ماوەیە ئاشکرای کرد، پرسیارێکی قووڵترە دەربارەی ئەو عەقڵییەتەی دەسەڵاتێک بەڕێوەدەبات، ئایا حکومەت پشکی براوەکانە، یان گرێبەستێکی هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگە؟ لە وتەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیداری میریدا، یەکێتی بە ڕوونی جێگەی خۆی لە وڵامی دووەمدا دیاریکرد.
ناوەندیی ئەو گوتارە، ئەوەیە: یەکێتی نە دەیەوێت و نە دەتوانێت بە تەنها حوکمی کوردستان بکات. ئەمە لە ڕواڵەتدا باوەشێکی نییەتباشی سیاسییە و لە ناوەڕۆکدا دانپێدانانێکی واقیعبینانەیە بە بونیادی دووانەیی هەرێم. ئەم هەرێمە لە مێژوو و جوگرافیا و پێکهاتەی دامەزراوەکانیدا لەسەر دوو کۆڵەکە وەستاوە و هەر حکومەتێک یەکێکیان پشتگوێ بخات، دەکەوێت. ئامادەیی یەکێتی بۆ هەر ڕێککەوتنێکی یەکسان، دەربڕینی هێزە لە فۆڕمە عەقڵانیەکەیدا، هێزێک پەیوەندییەکانی لە بەغدا و پایتەختە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان فراوانن و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنی بەرهەڵستکار هەیە، کەچی هاوبەشی لە حکومڕانێتیدا بە مەرجی سەقامگیری دەزانێت.
پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان کاتی سیاسەت و کاتی کۆمەڵگە. لە ڕۆژژمێری دانوستاندا، دوو ساڵ زنجیرەیەک کۆبوونەوەیە، بەڵام لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دوو ساڵ داڕمانی هێواشی متمانەیە بە دامەزراوەکان، نیگەرانیی مووچە و خزمەتگوزارییە، کۆچی گەنجانە بە دوای ئاسۆیەکی ڕوونتردا. حکومەتی کاربەڕێکەر هەرچەند لە ڕووی یاساییەوە بەردەوام بێت، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە شەرعییەتەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە دەست دەدات، چونکە شەرعییەت لە سندووقی دەنگدانەوە دەست پێدەکات و بە خزمەت و تەبایی دەپارێزرێ. هەر بۆیەش سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە حکومەتی پێشوو پڕ بوو لە کەموکوڕی، دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو قاڵبە، هاوتایە بە هەمان ئەو دەرەنجامە.
گرنگترین هاوکێشەی ئەخلاقی ئەم گوتارە، جیاکردنەوەی مافی حزب و خەڵکە. یەکێتی ئامادەیە سازش لەسەر پشکی خۆی بکات و سازش لەسەر مافی خەڵکی کوردستان بە هێڵی سوور دادەنێت. ئەم جیاکردنەوەیە ئەو سنوورەیە حزب لە حکومەت جیادەکاتەوە، هەر کاتێک پشکی حزبی و مافی گشتی تێکەڵ بن، دامەزراوەکان دەبنە پاشکۆی بەرژەوەندیی تایبەت و گرێبەستی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت.
لە ئاستی پەیوەندیی هەولێر و بەغدادا، دیدی یەکێتی لە دیداری میریدا، خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ هاوکێشەی هێز خستەڕوو. ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤، هەرێم بەهێز بوو و ناوەند لاواز، ئەمڕۆ ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بۆتەوە. هەر سیاسەتێک لە بەغدا لەسەر وێنەی ناوەندێکی لاواز بنیاتبنرێ، لە دەرەوەی ڕاستییەکانی ئێستا دەجووڵێت. پێشنیاری یەکێتی گۆڕینی ئەو سیاسەتەیە بۆ ڕوانینێک عیراقێکی بەهێز و دەوڵەمەند بە زامنی کوردستانێکی بەهێز و دەوڵەمەند بزانێت. ئەمە دەرفەتێکە و پێویستە بە زمانی دامەزراوەیی بقۆزرێتەوە. هەمان واقیعبینی لە پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەتیشدا دیارە، زۆربەی گرووپەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ڕادەستکردنی چەک بۆ عیراق باشترە، بەڵام ئەم ڕەوتە کات و متمانەی دەوێت و بەبێ هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناگاتە ئەنجام.
لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا، یەکێتی جیاوازییەکی ورد لە نێوان پەیوەندی و پاشکۆیەتیدا دادەنێت. پەیوەندی لەگەڵ واشنتن و تاران و مۆسکۆ و لەندەن لە دیدی یەکێتیدا سەرمایەیەکی دیبلۆماسییە بۆ پاراستنی کوردستان و ئومێد بە سەردەم و قۆناغێکی نوێ. ڕستەی یەکێتی پیاوی کەس نەبووە و نابێت، ئەم جیاوازییە دەکاتە بنەمایەکی سیاسی. ئەمە درێژکراوەی میراتی سەرۆک مام جەلالە لە دیبلۆماسییەتی هاوسەنگدا، بوون لە ناوەندی تۆڕی پەیوەندییەکان، بەبێ ئەوەی بڕیار لە دەرەوەی ماڵەکەتەوە بدرێت. ئاساییبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەنقەرە، پاڵپشتیکردنی ڕەوتی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد بە گفتوگۆ، هەوڵدان بۆ ڕەوتێکی هاوشێوە لە ئێران و ئامادەیی بۆ هاوکاریی ڕۆژئاوا، بەشەکانی دیدێکی ستراتیژیی یەکگرتوون. خوێندنەوەی هێڵە سوورەکانی تاران و درککردن بەوەی کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق هەمیشەیی نییە، نیشانەی ئاگایی دووربینانەن، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە یەکێتی پێشنیار دەکات عیراق هەمان ڕێچکە بگرێت و سوود لە ئێران و ئەمریکا وەک دوو سەرچاوەی هێز وەربگرێت.
لە ناوخۆی کوردیدا، جەخت لە هاوپەیمانیی یەکێتی و نەوەی نوێ وەک ڕێککەوتنێکی جددی کرایەوە: سوودی بۆ پێکهێنانی حکومەت و پارتیش هەیە و لایەنێکی بەرهەڵستکار دەکاتە بەشێک لە چارەسەر و بنکەی تەبایی فراوانتر دەکات. هاوکات، ئامادەیی یەکێتی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پارتی لە هەر ئەگەرێکدا، دەریدەخات ناکۆکییە سیاسییەکان لە سنووری ئاسایشی نیشتمانیدا دەوەستن.
هێزێک توانیویەتی لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و واشنتن و بەغدا لە خاڵی هاوبەش نزیک ببێتەوە، سەرەڕای شازدە سەفەر بۆ هەولێر، ئەرکی خۆی دەزانێت بەردەوام کار بۆ کاڵکردنەوەی ئەو کەلتوورە سیاسییە بکات هێشتا کەسەکان لە جێی دامەزراوەکان دادەنێت و حکومەت وەک پشک دەبینێت.
ئەوەی یەکێتی لە دیداری میریدا ڕوون و ڕاشکاو خستییەڕوو، ڕێنامەیەکە بۆ گواستنەوەی سیاسەتی کورد لە عەقڵییەتی پشکپشکێنەوە بۆ عەقڵییەتی هاوبەش، حکومەتێک بەبێ جیاوازیی جوگرافی خزمەت بکات، پەیوەندییەکی دامەزراوەیی لەگەڵ بەغدا، دیبلۆماسییەکی هاوسەنگ و سەربەخۆ، و ماڵێکی کوردیی فرەدەنگ. دەرگەی یەکێتی کراوەیە و کاتی ناوچەکە بە پەلە تێدەپەڕێ. وڵامی ئەمە دواجار دەبێتە پێوەری ئەوەی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئایا ئامادەی هاوبەشی بوو، یان هەلێکی دیکەی لەدەستدا.
