قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و بە تایبەتیش کۆمپانیا ئەمریکییەکان


هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و بە تایبەتیش کۆمپانیا ئەمریکییەکان. ئەو گرێبەستەی ئەمڕۆ لەنێوان کۆمپانیای تۆرەس ئینێرجی و جەنەرال ئێلکتریک واژۆ کرا، هاندەرێکی بەهێزە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوانیان دەبین.

لە ڕێوەڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا سوپاسی هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەم کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرباری ئەو هەموو هێرشە ئامانجدار و سیاسیی و میدیاییەی دەکرایە سەر سلێمانی، ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان و سلێمانییان کردە پێشەنگی وەبەرهێنان لە هەموو عێراقدا.