بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، کاسبکارانی زیانلێکەوتووی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی حاجیاوا قەرەبوو دەکرێنەوە


راپەڕین – ٢٧ نیسانی ٢٠٢٥

قوباد تاڵەبانی بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئەو کاسبکارانەی داوە کە لە ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی مەیدانی حاجیاوا زیانیان بەرکەوتووە.

ئەم هەنگاوە دوای ڕووداوی ئەو ئاگرە کەوتنەوەیە دێت کە ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥ لە مەیدانی حاجیاوا کەوتەوە، کە بووە هۆی زەرەر و زیانێکی بەرچاو بۆ ژمارەیەک لە دوکان و کاسبکارانی ناوچەکە.

سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، ئەرکی دابینکردنی بودجەی قەرەبووکردنەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ. تیمێکی تایبەتی بەرگری شارستانی ڕاسپێردراوە بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان و دیاریکردنی بڕی قەرەبووکردنەوەی هەر یەک لە کاسبکارەکان بەپێی ئاستی زیانەکانیان.

لە ئاگرکەوتنەوەکەدا، بەشێکی بەرچاو لە کەلوپەلی بازرگانی و کاڵاکانی کاسبکاران سووتاون. ئەم پرۆسەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێدەکات.