لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کە بە سەرپەرشتی هەڤاڵ جەزا سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، چەندین بڕیاری گرنگ دەرهەق بە خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران پەسەند کران.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ فەرهاد عەزیز بەگ، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند، لەگەڵ هەڤاڵ شێخ جەبار، لێپرسراوی بەشی شەهیدان و تێکۆشەران و ئەندامانی بەشەکە، هەروەها نوێنەرانی بەشی شەهیدان و تێکۆشەرانی مەڵبەند و کۆمیتەکان ئەنجام درا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی تایبەت یاد و یادەوەری شەهیدان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا و سەرجەم ئامادەبووان بەڵێنی درێژەپێدانی ڕێبازە پیرۆزەکەیان دووپات کردەوە.
کۆبوونەوەکە هەروەها هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرانی سنوورەکەی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی بەردەوام و خزمەتکردنی زیاتری ئەم خاوەن قوربانی و تێکۆشەرانە کردەوە.
گرنگترین بڕیاری کۆبوونەوەکە تەرخانکردنی مانگی ئایار بوو وەک “مانگی بەسەرکردنەوەی خێزان و خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران”، کە بە بەشداری سەرجەم هەڤاڵانی مەڵبەند و کۆمیتوکان، چوارچێوەیەکی زەمەنی دیاریکراو بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی خزمەتگوزاری و پشتیوانی لە خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران دەستەبەر دەکات.



