
1ی ئایار، ڕۆژی ڕێزگرتنە لە ماندووبوون و خەباتی بێ وچانی ئەو کەسانەی کە بە ئارەقەی ناوچەوان و شەکەتی ئێسک و ماسوولکەیان، ژیانێکی شەرفمەندانە دەکەن.
کرێکاران، رەنجدەرانی بیر و بازو
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
بە بۆنەی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خەلکی ئازادیخوازی کوردستان و دەڤەری ڕاپەڕین، بەتایبەتی کرێکاران، ڕەنجدەرانی بیر و بازو و زەحمەتکێشان دەکەین. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ڕێزگرتنە لە ماندووبوون و خەباتی بێ وچانی ئەو کەسانەی کە بە ئارەقەی ناوچەوان و شەکەتی ئێسک و ماسوولکەیان، ژیانێکی شەرفمەندانە دەکەن.
ئەمڕۆ یادی خەباتی کرێکارانی شیکاگۆ دەکەینەوە کە لە ساڵی ١٨٨٦ بۆ مافی ژیانێکی شایستە و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار خەباتیان کرد و بوونە هێمای خۆڕاگری و یەکگرتن لە پێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئەو بزووتنەوەیە، سەرەتایەک بوو بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرانسەری جیهاندا و هێنانە ئاراوەی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران.
لەم ڕۆژە مێژووییەدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین’ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە هەڵقوڵاوی ناو ناخی خەلکانی رەنجدەر و زەحمەتکێشە، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییە ڕەواکانی کرێکاران دەکاتەوە:
– دابینکردنی مافی کاری شیاو و مووچەی دادپەروەرانە.
– دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەلامەت تر بۆ کارکردن.
– دەستەبەر کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی.
– بەشداریکردنی کرێکاران لە بڕیاردان لە شوێنی کاردا.
لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا، زۆربەی کرێکاران و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و دژوار بوونەتەوە. گرانی، بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتدا، ژیانی لە ئەوان و خێزانەکانیان تاڵکردووە. لەبەر ئەوە، ئەرکی هەموو لایک و حکومەتە کە هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بنێن و ئاستی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرەو پێشەوە بەرن.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین، لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای پیرۆزبایی دووبارە، بەڵێن دووپات دەکاتەوە بەردەوام دەبێت لە خەبات و کۆشش بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر کە تێیدا مافی هەموو چین و توێژەکان، بەتایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشان، پارێزراو بێت.
بژی ١ی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی جیهانی کرێکاران!
سەرکەوتن بۆ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان!
مەڵبەندی ٢٤ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین
