سەرۆک بافڵ: پشتگیرێکی سەرەکیم بۆ داواکاریی کرێکاران

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران لە پەیامێکیدا رایگەیاند:” باوەڕی تەواومان بە خەباتی پیشەیی کرێکاران هەیە و بۆ هەمیشە لەگەڵتان دەبم و پشتگیرێکی سەرەکیم بۆ داواکارییە رەواکانتان”.


دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ:

لە رۆژی 1ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران بە گەرمی پیرۆزبایی لە کرێکارانی خۆشەویست دەکەم و دەستی ماندوبوونیان دەگوشم.

وەکو هەمیشە بە رێزەوە لە رۆڵی گرنگ و بەشداری و ماندوبوونی کرێکارانی کوردستان دەڕوانم کە بەشێکبوون لە قوربانیدان و سەرخستنی خەباتی گەلەکەمان کە لە بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە ئازیزەکەشماندا دەستێکی باڵایان هەبووە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆش و پشتگیریی هێنانەدی خواست و پاراستنی مافی کرێکارانە و کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یاسایەکی کاری سەردەمیانە کە یەکسانی و دادپەروەری لە کارکردندا بپارێزێت و لە سایەیدا ژیانێکی شەرەفمەندانەتر بۆ کرێکاران دابینبکات.

ئێمە باوەڕی تەواومان بە خەباتی پیشەیی کرێکاران هەیە و بۆ هەمیشە لەگەڵتان دەبم و پشتگیرێکی سەرەکیم بۆ داواکارییە رەواکانتان.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، سەربەرزیش بۆ کەسوکارە بەڕێزەکانیان.