پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: “پێگەی مامۆستایانی كوردستان بەرزدەنرخێنین كە لە هیچ دۆخێكدا نەیانهێشتووە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن پەكی بكەوێت، ئێمە پێزانینمان بۆ خزمەتە گەورەكانیان هەیە”.


دەقی پەیامەكە:

بەبۆنەی یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە تەواوی مامۆستایانی سەربەرز و قەدرگرانی كوردستان دەكەم.

رۆڵ و پێگەی مامۆستایانی كوردستان لە تەواوی قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا بەرزدەنرخێنین كە لە هیچ دۆخێكدا نەیانهێشتووە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن پەكی بكەوێت، سەرەڕای دۆخ و گوزەرانی خۆیان، ئێمە پێزانینمان بۆ خزمەتە گەورەكانیان هەیە.

مامۆستایانی بەڕێز وەك چۆن لە رابردوودا رۆڵی كاراتان لە پاراستنی شوناس و بەهاباڵاكانی كۆمەڵگەماندا گێڕاوە، هیوادارم لەم قۆناغەشدا بە سوود وەرگرتن لە پێشكەوتنەكانی سەردەم رێنیشاندەری رۆڵەكانی نیشتمانەكەمان بن تاوەكو داهێنەرتر و بەرهەمهێنەرتربن و لە داهاتوودا خزمەتی خەڵكە خۆشەویستەكەمان بكەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان