قوباد تاڵەبانی بۆ یەكێتی مامۆستایان: پێكەوە هەوڵی مسۆگەركردنی مافەكانتان دەدەین

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: “پەرۆشی و هەوڵە چڕوپڕەكانتان بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانی مامۆستایان، بزوێنەری راستەقینەیە تا پێكەوە هەوڵی بێ وچان بدەین بۆ مسۆگەركردنی ئەو ماف و شایستانەی كە نەتوانراوە تا ئێستا بەدەستبهێنرێن”.


دەقی پەیامەكە:

بەڕێزان سكرتارییەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مامۆستایانی خەباتگێڕی رێگای زانست

پیرۆزبایی یادی 63  ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیەكەتان دەكەم و هیواخوازم ئەم یادە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ داهێنانی زیاتر لەكایەكانی تێكۆشانی زانستی و پیشەیی و پەروەردەیی، بەرەو هێنانەدی ئەو ئامانجانەی كەپڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی سەردەم دەیخوازێت.

پەرۆشی و هەوڵە چڕوپڕەكانتان بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانی مامۆستایان، بزوێنەری راستەقینەیە تا پێكەوە هەوڵی بێ وچان بدەین بۆ مسۆگەركردنی ئەو ماف و شایستانەی كە نەتوانراوە تا ئێستا بەدەستبهێنرێن.

پیرۆزبێت یادی دامەزراندنتان، سڵاو لە ئێوەی مامۆستا، هەڵگرانی چرای رووناككەرەوەی رێگای نەوەیەكی هوشیار بۆ خزمەتی نیشتمان.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران